ئێران هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم راگەیاند

03:36 - 27/06/2022

4804جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا په‌یوه‌ست به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، رایگه‌یاند، ئه‌وان هەمیشە داوای یەکڕیزیان کردوه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ ئاڕاسته‌كان لێکنزیک بکەنەوە و هیوادارن گرژییەکان کەمببنەوە.

سه‌عید خه‌تیبزاده‌، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا په‌یوه‌ست به‌ كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت، رایگه‌یاند، "لە نزیکەوەی چاودێری دۆخی عێراق ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌و بابەتانە پەیوەندییان بە خودی عێراقەوە هەیە".

لە ساڵانی رابردودا هه‌رێمی كوردستان پیشانیداوە بە تێگەیشتنی هاوبەش گەیشتوە لەگەڵ حکومەتی ناوەند
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لە ساڵانی رابردودا هه‌رێمی كوردستان پیشانیداوە بە تێگەیشتنی هاوبەش گەیشتوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق، ئه‌وانیش بەردەوام خوازیاری یەکڕیزی و لێکنزیکبونەوەی حکومەتی عێراق و بەشە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەن.
هەمیشە داوای یەکڕیزیمان کردوه‌ و هه‌وڵمانداوه‌ ئاڕاسته‌كان له‌ عێراقدا لێکنزیک بکەینەوە
خه‌تیبزاده‌ وتیشی، "ئێمه‌ هەمیشە داوای یەکڕیزیمان کردوه‌ و هه‌وڵمانداوه‌ ئاڕاسته‌كان له‌ عێراقدا لێکنزیک بکەینەوە و هیوادارین گرژییەکان کەمببنەوە و لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن".
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ناكۆكی قوڵیان هه‌یه‌ له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وتدا
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ناكۆكی قوڵیان هه‌یه‌ له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وتدا، 15ی (شوبات/5)ی ئه‌مساڵ دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بڕیاریدا كه‌ یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوری نییه‌ و سه‌رپێچی ده‌ستوری فیدڕاڵیه‌، بۆیە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند كرا به‌ راده‌ستكردنی ته‌واوی داهاته‌كانی نه‌وت به‌ به‌غدا.

له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵیان ره‌تكرده‌وه‌ و بڕیاره‌كه‌یان بەپێچەوانەی دەستور ناوبرد.

هاوكات دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراق ساڵی 2005 یه‌كده‌گرێته‌وه‌، مادده‌كانی یاسای نه‌وت و گاز ژماره‌ 22ی ساڵی 2007، كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچون، له‌گه‌ڵ مادده‌كانی ده‌ستوری عێراق ناكۆك نییه‌.

وتیشی، له‌به‌رئه‌وه‌ی مادده‌ی 110 و 112ی ده‌ستوری عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌، كه‌ "حكومه‌تی فیدڕاڵی له‌و كێڵگانه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ئیداره‌ی نه‌وت و گاز ده‌كات، له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان، تا به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو به‌سه‌ر دانیشتوانی هه‌مو عێراق دابه‌شبكرێت، له‌گه‌ڵ پێدانی پشكێكی دیاریكراو بۆ ئه‌و هه‌رێمانه‌ی له‌ سه‌رده‌می رژێمی پێشو زیانیان به‌ركه‌وتوه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی یاسا رێكده‌خرێت"، بۆیه‌ پێویسته‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌ پێی ئه‌و مادده‌ ده‌ستوریانه‌ به‌رده‌وام بێت.