مستەفا چاوڕەش: عێراق ئه‌وه‌نده‌ دۆخی جوان نییه‌ په‌لاماری ئێمه‌ بدات

12:35 - 27/06/2022

2306جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەرپرسی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە له‌باره‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كان رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ی ئێستا تازه‌یه‌ شتێکە‌ له‌ڕابردودا نه‌بوه‌، ئه‌مه‌ش هۆکاری زۆره‌، جارێ په‌له‌ ناكه‌ن و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناده‌ن، ده‌شڵێت، "عێراقیش ئه‌وه‌نده‌ دۆخی جوان نییه‌ په‌لاماری ئێمه‌ بدات، جارێ با عێراق برینی سه‌ری خۆی چارەسەر بكات، ئێمه‌ نامانه‌وێت بكه‌وینه‌ كێشه‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌و عێراقه‌ هه‌تا بتوانین بۆمان بكرێت هه‌ماهه‌نگی بكه‌ین".

مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كان، رایگه‌یاندوه‌، "هێزه‌کانمان له‌وێیه‌ ئه‌م کاتوێشایانه‌ی که‌ ده‌هاوێژرێن له‌ناوچه‌ی کۆرمۆر له‌ژێرده‌ستی ئێمه‌وه‌ ناهاوێژرێت، به‌ڵکو ئه‌وه‌ له‌و بۆشاییه‌وه‌یه‌ که‌ له‌نێوان ئێمه‌ و حکومه‌تی عێراقدایه‌ له‌وێوه‌یه،‌ هه‌تا ئێستاش ئێمه‌ هه‌ر چاوه‌ڕوانین و چاودێری ئه‌وه‌ ده‌که‌ین بزانین ئه‌مانه‌ کێن؟ ئایا داعشه‌؟ حه‌شدی شه‌عبیه؟‌ یان خه‌ڵکی تره‌؟ له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ئه‌و شوێنانه‌شی که‌ هاویشتویانه‌ به‌ر ده‌وروبه‌ری کۆرمۆر کە‌وتوه‌ و زیانی نه‌بوه،‌ به‌ڵام هێزه‌کانی ئێمه‌ له‌وێن له‌وه‌ته‌ی دروستبوه‌ له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌دایه،‌ چونکه‌ نه‌ک ئه‌وێ، به‌ڵکو هه‌مو شوێنه‌کانی تریش بۆ دوز و بۆ جه‌له‌ولا و بۆ خانه‌قین ئێمه‌ هێزه‌کانمان له‌وێ دابه‌شکردوه‌ و ناوبه‌ناو کێوماڵی شوێنه‌کانیش ده‌که‌ین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ ڕۆژه‌شدا ئێمه‌ لیوای 16مان له‌وێیه‌ و لیوایه‌کی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ و سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌، هێزه‌کانی به‌رگری و فریاکه‌وتن سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ کاک ڕێبوار فه‌رمانده‌ی لیوای 16 یه‌ خاڵه‌ کاکه‌مه‌ند له‌به‌رگری و فریاکه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ میحوه‌ره‌کانی تر ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ کاک مه‌ردان له‌ میحوه‌ری دوه‌ کاک جه‌مال فه‌رمانده‌ی لیوایه‌ ئێمه‌ سات به‌ سات ئاگامان له‌ بارودۆخه‌کانه‌ و هێزی ئێمه‌ له‌وێیه‌".

ئه‌و هێزه‌ی ڕۆژی شەممەش هاتبون بۆ ناوچه‌که‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ هاتبون بۆ هه‌ندێک له‌و شوێنانه‌ی که‌ بۆشایی تێدایه‌
بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە ڕەتیکردەوە، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق بەرامبەر یەک وەستابێتن لەو ڕوەوە  دەڵێت، "ئه‌و هێزه‌ی ڕۆژی شەممەش هاتبون بۆ ناوچه‌که‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ هاتبون بۆ هه‌ندێک له‌و شوێنانه‌ی که‌ بۆشایی تێدایه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ یه‌ک تریان بینی ئێستا هێزه‌کان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و به‌رامبه‌ر یه‌کتری نه‌وه‌ستاوین، چونکه‌ هه‌ماهه‌نگیه‌ک هه‌یه‌ ناو به‌ناو ئێمه‌ پێکه‌وه‌ کێوماڵی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌کە‌ین، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ئێستا تازه‌یه‌ شتێکە‌ له‌ڕابردودا نه‌بوه‌، ئه‌مه‌ش هۆکاری زۆره‌ با جارێ په‌له‌ نه‌که‌ین و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌ده‌ین خۆشمان نامانه‌وێت جارێ له‌سه‌ر شتێک قسه‌ بکه‌ین که‌ 100% بۆمان ڕونه‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا له‌ هه‌ماهه‌نگیداین بۆئه‌وه‌ی که‌ بزانیین چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بکە‌ین له‌داهاتودا".
خۆ عێراقیش ئه‌وه‌نده‌ دۆخی جوان نییه‌ په‌لاماری ئێمه‌ بدات، جارێ با عێراق برینی سه‌ری خۆی چارەسەر بكات
دەربارەی ئه‌گه‌ری پێكدانانی سه‌ربازی له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی عێراقدا، مستەفا چاوڕەش باسی له‌وه‌كردوه‌، "بۆ ئێمه‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ ئاوات بخوازین، خۆ عێراقیش ئه‌وه‌نده‌ دۆخی جوان نییه‌ په‌لاماری ئێمه‌ بدات، جارێ با عێراق برینی سه‌ری خۆی چارەسەر بكات، ئێمه‌ نامانه‌وێت بكه‌وینه‌ كێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا، چونكه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌و عێراقه‌ هه‌تا بتوانین بۆمان بكرێت هه‌ماهه‌نگی بكه‌ین بۆ له‌ناوبردنی داعش ئێمه‌ به‌رنامه‌كانمان وایه‌ كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ له‌ به‌غداد، كۆبونه‌وه‌مان هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌ت، له‌ میحوه‌ركانی خۆمان له‌خانه‌قین و له‌ شوێنه‌كانی تر هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی عێراق هاتووه‌ بۆ شه‌ڕ نه‌هاتوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ خۆمان ده‌بێت هه‌مو كاتێک له‌سه‌نگه‌ردا بین و ئاماده‌ بین چونكه‌ ده‌بێت پشت به‌خۆمان ببه‌ستین ئه‌گه‌رنا عێراق حاكمیه‌تی هه‌رئه‌وه‌یه‌ ناوی "زله‌ و دێی وێرانه‌" وه‌كو باسمكرد گه‌وره‌ترین كێشه‌ هه‌یه‌".
 جاری وا هه‌یه‌ هیچ نه‌بوه‌ خه‌ڵك خه‌ریكه‌ به‌ فه‌یسبوك شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ڵده‌گیرسێنێت
مستەفا چاوڕەش دەشڵێت، "یه‌كێک له‌ عه‌یبه‌كانی خۆشمان ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ وه‌كو كورد پارتی و یه‌كێتی دو هێزی گه‌وره‌ین له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ین هاوكاری ته‌واومان هه‌بێت و ڕێكبكه‌وین و سه‌ركردایه‌تیه‌كان دابنیشین به‌یه‌كه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ن بۆ عێراقیش یه‌ک وه‌فدمان هه‌بێت و هه‌ریه‌كه‌ به‌لایه‌كدا نه‌چێت ئه‌مانه‌ دۆخێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆزه‌ له‌عێراقدا له‌ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌قسه‌ ئاسانه،‌ له‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ له‌ فه‌یسبوك شت ده‌نوسن جاری وا هه‌یه‌ هیچ نه‌بوه‌ خه‌ڵك خه‌ریكه‌ به‌ فه‌یسبوك شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ڵده‌گیرسێنێت، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی خۆمانه‌ پێشمه‌رگه‌مان له‌سه‌نگه‌ردایه‌ هه‌میشه‌ واده‌كه‌ین كه‌ به‌رگری له‌خاكی خۆمان و له‌ كۆرمۆر و له‌هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ بكه‌ین كه‌ كوردستانن ده‌بێت پشت به‌خۆمان ببه‌ستین ئه‌گه‌رنا عێراق حاكمیه‌تی هه‌رئه‌وه‌یه‌ ناوی "زله‌ و دێی وێرانه‌".
هه‌مومان به‌رپرسین، خۆ ته‌نها پێشمه‌رگه‌ به‌رپرس نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ بیپارێزێت
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمه‌ هه‌مومان به‌رپرسین، خۆ ته‌نها پێشمه‌رگه‌ به‌رپرس نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ بیپارێزێت، ئه‌گه‌ر بێن مه‌ترێک زه‌وی داگیربكه‌ن له‌ خاكی كوردستان داگیری ده‌كه‌ن ئێمه‌ به ‌نیازنین له‌گه‌ڵ عێراقدا توشی كێشه‌ ببین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شتێكیش بو به‌رگری له‌ خاكی خۆمان ده‌كه‌ین نه‌چوینه‌ته‌ سه‌ر ماڵی كه‌س كاتێک ئێمه‌ كوردستانمان ده‌پاراست پاسه‌وانی به‌غدادیشمان ده‌كرد له‌سه‌رده‌مێكدا، داعش هات دنیای داگیركرد هێزی پێشمه‌رگه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی پاراست ئه‌مانه‌ی كه‌ حاكمیشن ئێستا هه‌ریه‌كه‌ی له‌ وڵاتێک بون به‌هیمه‌تی پێشمه‌رگه‌ و عه‌قڵی گه‌وره‌ی مامجه‌لال و سه‌ركردایه‌تی كورد به‌و هاوكاری و ته‌بایه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان توانیمان له‌و عێراقه‌ و له‌و ده‌ستوره‌ی كه‌ هه‌یه‌ ئێستا گه‌ڕمان پێده‌كه‌ن ده‌ستوره‌كه‌ش تێكبده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ دوورمه‌ودا بین و هه‌رچیشمان پێده‌كرێت درێغی نه‌كه‌ین ئه‌ركی هه‌مو خه‌ڵكی كوردستانه‌ ئه‌م دۆخه‌ ته‌نها له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ تاپۆ نییه‌".