خەندان-
عەبدولستار مەجید، پەرلەمانتاری کوردستان، رایگەیاند، لە هیچ شوێنیکی ئەم دونیایە نابینی وەک هەرێمی کوردستان سەروەریی پێشێل بکرێت و خاکی بۆردومان بکرێت، سەرنج بدەن هیچ کەس لە هێرشی درۆن و موشەک پارێزراو نیە، دەشڵێت ئەوەی رودەدات دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جەمسەر بەندییەی پارتی و یەکێتی کە هەریەکەیان وابەستەی ئەجێندا و هەژمونی وڵاتێکن.
عەبدولستار مەجید، پەرلەمانتاری کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردوەتەوە،" لە راستیدا هەردو هێزی دەسەڵات پارتی و یەکێتی نەیانویستوە و نایانەوێت لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەی ئێستا هەرێمی کوردستانی پێداتێدەپەڕێت، پەرلەمان بە ئەرک و ڕۆڵی خۆی هەستێت".
هیچ کەس لە هێرشی درۆن و موشەک پارێزراو نیە
رونیشیکردوەتەوە،" سەرنج بدەن هیچ کەس لە هێرشی درۆن و موشەک پارێزراو نیە ، ئەم دو هێزەش کە بۆناوخۆی هەرێم زۆر ئازان، لەبەرمبەر ئەو هەمو سنوربەزاندن و لەشکرکێشی و بۆردومانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان بێدەنگن و خۆیان وا دەردەخەن کە هیچ دەسەڵاتێکیان نیە، .ئەمە لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جەمسەربەندییەی پارتی و یەکێتی کە هەریەکەیان وابەستەی ئەجێندا و هەژمونی ئێران و تورکیان".
لە هیچ شوێنیکی ئەم دونیایە نابینی وەک هەرێمی کوردستان سەروەریی پێشێل بکرێت
ئاماژەی بەوەشکردوە،" لە هیچ شوێنیکی ئەم دونیایە نابینی وەک هەرێمی کوردستان سەروەریی پێشێل بکرێت و خاکی بۆردومان بکرێت، کەچی دەسەڵاتە سیاسییەکەی نە توانای وەڵامدانەوەی هەبێت، نە جورئەتی ڕاگرتن و ناڕەزایی و زۆرجاریش لەئاستی ئەو پێشێلکارییانەدا بێدەنگن و تەنانەت پاساو بۆ داگیرکەرانیش دەهێننەوە ".
لەم دۆخەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتوە ئێجگار مەترسیدار و هەستیارە
ئاشکراشیکردوە،" لەم دۆخەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتوە ئێجگار مەترسیدار و هەستیارە وئایندەی هەرێم و خەڵکەکەی بەرەو تونیلکی تاریک بردوە کە ڕەنگە خراپتر لەمەی هەیە روبدات و بەڕێوەبێت، لە کۆتایشدا باجە گەورەکە هاوڵاتیان دەیدەن.