بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەغاز لە ڕێگەی خەندانەوە ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

08:06 - 26/06/2022

1560جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای دانه‌غاز له‌ عێراق لە رونکردنەوەیەکدا لەبارەی هەواڵێکی خەندان، رایگەیاند، ئەوان ئەمڕۆ هیچ لێدوانێکیان نەداوە. 

شاكر واجد، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای دانه‌غاز لە عێراق لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان، ڕەتیکردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە هیچ لێدوانێکیان دابێت، وەک ئەو هەواڵەی کە لە خەندان بڵاوکرابوەوە. 

ئەمڕۆ دەزگای میدیایی خەندان لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، "شاكر واجد به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای دانه‌غاز له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ستافی كۆمپانیاكه‌ی لە قادركه‌ره‌م و دوای هێرشه‌ موشه‌كیه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردو له‌ كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر رایگه‌یاندوە، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كێڵگه‌ی كۆرمۆر چۆڵ ناكه‌ن و به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌كاره‌كانیان"، بەڵام بەڕێوەبەری دانەغاز ئەو لێدوانانە رەتدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی پێش بڵاوبونەوەی هەواڵەکە هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ بەڕێوەبەری دانەغاز روینەداوە بۆیە خەندان لەوبارەیەوە داوای لێبوردن دەکات.

بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان نەبوە
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا سێجار هێرشی موشەکی کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان نەبوە، شەوی رابردوش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت سەردانی کێڵگەکەی کرد و سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەتی کرد. 
وەکو حکومەتی هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەک رێگرنین لەبەردەم هاتوچۆی کارمەندان
قوباد تاڵەبانی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا دڵنیایی پێدان کە کاردەکەن لەپێناو پاراستنی ژیانی کارمەندانی ناو کێڵگەکە و ئەوان "وەکو حکومەتی هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەک رێگرنین لەبەردەم هاتوچۆی کارمەندان" و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەرخەت دەبن بەمەبەستی بەرگرتن لەڕونەدانی لەو جۆرە هێرشانە.

بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، لەکۆبونەوەکە دڵنیایی درا بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە ھێرشە‌كان هیچ کاریگەرییان نابێت لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و غازی شل و پێداویستی هاوڵاتییان پارێزراو دەبێت".