وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: سەرکۆنەی هێرشە دوبارەبوەوەکانی سەر هەرێم دەکەین

07:19 - 26/06/2022

1155جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پشتگیری لە هاوبەشەکانی دەکات لە سەرکۆنەکردنی هێرشە دوبارەبوە موشەکیەکان کە ئامانجیان هەرێمی کوردستانە، دەشڵێت ئەم هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیری ئابوری داڕێژراون.

 ئەم هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیری ئابوری داڕێژراون

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند،" ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا پشتگیری لە هاوبەشەکانی دەکات لە سەرکۆنەکردنی هێرشە دوبارەبوە موشەکیەکان کە ئامانجیان هەرێمی کوردستانە، ئەم هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیری ئابوری داڕێژراون و بە هەمان ئەندازە  ئەم هێرشانە مەبەستیان سنوردارکردنی سەروەری عێراق  و چاندنی تۆوی دوبەرەکی و ترساندنە".

 پێویستە لێکۆڵینەوە لەم هێرشانە بکرێت 

ئاماژەی بەوەشکردوە،" پێویستە لێکۆڵینەوە لەم هێرشانە بکرێت و ئەوانەی بەرپرسن لە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە ڕوبەڕوی یاسا بکرێنەوە".

بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی خەڵکی عێراق 

ئاشکراشیکردوە،" بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی خەڵکی عێراق و لەوانەش هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستان لە دژی ئەم جۆرە توندوتیژیە قبوڵنەکراوەدا و بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەی هەر دەرفەتێک بۆ پشتگیریکردنی ئاسایش و بەرەوپێشچونی عێراق".
ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەی چەند رۆژی رابردودا چەندین جار لەرێگەی موشەک و هاوەنەوە هێرشکرایە سەر هەرێمی کوردستان کە بەشێکیان کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردە ئامانج.