هەوڵی فرۆشتنی منداڵێک بە 15 ملیۆن دینار پوچەڵدەکرێتەوە

06:52 - 26/06/2022

1827جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند،  گروپێکیان  لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف دەستگیرکردوە کە بازرگانیان بە مرۆڤەوە کردوە و هەوڵیانداوە منداڵێکی تەمەن دو مانگ بە بڕی 15.000.000( پانزدە ملیۆن)دینار بفرۆشن، دەشڵێت چەند کەسێکی دیکەیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە کەلوپەلی شوێنەوارییەوە دەستگیرکردوە.

لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا توانرا یەکێک لە تۆمەتبارانی دزینی کەلوپەلی شوێنەوار لە پارێزگای بابل دەستگیربکەین

دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی، لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردوەتەوە،" لە درێژەی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربونەوەی تاوان بە تایبەت تاوانەکانی دزینی شوێنەواری عێراق و بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەرێگەی چەند گورزێکەوە بە پشتبەستن بە زانیاری وردی هەواڵگری و لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا توانرا یەکێک لە تۆمەتبارانی دزینی کەلوپەلی شوێنەوار لە پارێزگای بابل دەستگیربکەین، لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا لە پارێزگای کەربەلا دەستبەسەر پارچەیەکی شوێنەواری گرانبەهادا گیرا".

لە ناوچەی باب مەعزەم، لە ناوەڕاستی بەغداد سێ کەسی دیکە بە هەمان تۆمەت دەستگیرکران 

ئاماژەی بەوەشکردوە،" لە هەڵمەتێکی دیکەدا لە ناوچەی باب مەعزەم، لە ناوەڕاستی بەغداد سێ کەسی دیکە بە هەمان تۆمەت دەستگیرکران  و دەستیش بەسەر کتێبێکی کۆن کە بۆ سەردەمی کۆنی عەرەبی دەگەڕێتەوە گیرا کە بە تۆمەتبارەکان بوە".

توانیومانە گروپێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیربکەین کە لەلایەن ژنێکەوە سەرۆکایەتی کراوە

ئاشکراشیکردوە،" توانیومانە گروپێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیربکەین کە لەلایەن ژنێکەوە سەرۆکایەتی کراوە لە نزیک فڕۆکەخانەی نەجەف، هەوڵیانداوە منداڵێکی تەمەن دو مانگە بە بڕی 15.000.000( پانزدە ملیۆن)دینار بفرۆشن، لەئێستادا رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بە مەبەستی تەواوکردنی پەڕاوەکانیان".