باشوری ئه‌فریقا؛ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مردنی 22 گه‌نج ده‌كرێت

06:41 - 26/06/2022

869جار خوێندراوەتەوە

باشوری ئه‌فریقا

خه‌ندان-

به‌رپرسانی وڵاتی باشوری ئه‌فریقا كه‌مێك به‌ر له‌ئێستا رایانگه‌یاند، تیمێكی شاره‌زایان له‌ لێكۆڵه‌ره‌وان و تیمه‌كانی پۆلیس پێكهێناوه‌ تا به‌خێرایی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاری مردنی ئه‌و 22 (بیست و دو) گه‌نجه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌ مردوی له‌ یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ له‌شاری ئیست ڵه‌ندن دۆزرانه‌وه‌.


به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی BBC، به‌رپرسانی وڵاتی باشوری ئه‌فریقا ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانكرده‌وه‌، به‌ راوێژكردن له‌گه‌ڵ تیمێكی تایبه‌ت له‌ لێكۆڵه‌ره‌وان و پۆلیسی وڵاته‌كه‌، تیمێكی تایبه‌تیان بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌مردنی ئه‌و 22 (بیست و دو) گه‌نجه‌ پێكهێناوه‌ كه‌ له‌ یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ له‌ شاری ئیست ڵه‌ندن به‌ بۆنه‌ی كۆتایهاتنی تاقیكرنه‌وه‌كانیان ئاهه‌نگیانگێڕابو.

له‌ ئێستادا ته‌واوی ته‌رمه‌كان ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی كراون له‌ پێناو ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌
ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردوه‌، تیمه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتنی شاره‌كه‌ له‌ روداوه‌كه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ و ده‌ستبه‌جێ چونه‌ته‌ شوێنی روداوه‌كه‌ و ته‌رمی 22 (بیست و دو) گه‌نجیان له‌سه‌ر مێز و پلیكانه‌كانی ئه‌و یانه‌ شه‌وانه‌یه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌، له‌ ئێستاشدا ته‌واوی ته‌رمه‌كان ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی كراون له‌ پێناو ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ته‌رمه‌كان.
هاوخه‌می خۆم بۆ هاوڕێیان و خێزانه‌كانیان دوپاتده‌كه‌مه‌وه‌
له‌ باره‌ی روداوه‌كه‌شه‌وه‌ سڕڵ رامه‌فۆوسا، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ له‌ تویتێكدا نوسیویه‌تی، "به‌داخه‌وه‌ له‌و كاته‌ی كارمان له‌سه‌ر باشكردنی شێوازی ژیان و سه‌رچاوه‌ی ژیانی گه‌نجانمان ده‌كرد، كاره‌ساتێك روی له‌ گه‌نجان و رۆڵه‌كانمانكردوه‌، هاوخه‌می خۆم بۆ هاوڕێیان و خێزانه‌كانیان دوپاتده‌كه‌مه‌وه‌".
پۆلیس له‌ شوێنی روداوه‌كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌

پۆلیسی شاری ئیست ڵه‌ندن رایگه‌یاند، ته‌مه‌نی گه‌نجه‌كان له‌نێوان 18 (هه‌ژده‌) بۆ 20 (بیست) ساڵدایه‌ و له‌ شوێنی روداوه‌كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هۆكاری مردنی ئه‌و گه‌نجانه‌ رونبكاته‌وه‌، له‌ ئێستاشدا چاوه‌ڕوانی راپۆرتی پزیشكی دادن.

نیشانەکردن

ئەفریقا