قوباد تاڵەبانی بۆ وەبەرهێنەرانی سلێمانی: کێشەی رۆتین چارەسەر دەکەین

05:43 - 26/06/2022

1158جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەداری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەری کێشەی رۆتین و ئەو گرفتانە دەکەن کە روبەڕوی وەبەرهێنەران دەبێتەوە.

پلانیان هەیە لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ هەمو بەڕێوەبەرایەتییەکان کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەبەرهێنەران و کەمکردنەوەی رۆتین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشوازی لە ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەداری سلێمانی کرد و لە کۆبونەوەیەکیشیاندا  بەدواداچونی کرد بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی وەبەرهێنەران کە لەکاتی وەرگرتنی پڕۆژەیەکدا روبەرویان دەبێتەوە و بەڵێنی پێدان کە پلانیان هەیە لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ هەمو بەڕێوەبەرایەتییەکان کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەبەرهێنەران و کەمکردنەوەی رۆتین".

 بەهێزکردن و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت ستراتیژی حکومەتی هەرێمە

هاوکات لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند،" بەهێزکردن و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت ستراتیژی حکومەتی هەرێمە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی ئابوری و لەمڕوەوە بە هەمو تواناوە کاردەکەین زەمینەی لەبار بۆ وەبەرهێنان بڕەخسێنین تا وەبەرهێنەران بە خەیاڵی ئاسودەوە پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن".

پێشتریش قوباد تاڵەبانی رایگەیاندبو،"پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لە ئەولەوییەتەکانمانە‌ لە‌پێناو بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم، هەربۆیە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانییە کە نەک تەنها کارئاسانی تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکەن، بەڵکو دەبێت کار بۆ ئەوەبکرێت هانی وەبەرهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق و وەبەرهێنەرانی بیانیش بدرێت بۆ کاری وەبەرهێنان روبکەنە پارێزگای سلێمانی".