روسیا: بریتانیا به‌ تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن ده‌یه‌وێت شكستی ناوخۆی وڵاتەکەی په‌رده‌پۆش بكات

05:37 - 26/06/2022

1691جار خوێندراوەتەوە

مارییا زاكارۆوڤا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا

خه‌ندان-

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌رپرسانی بریتانیا به‌ دروستكردنی تۆمه‌ت بۆ وڵاته‌كه‌ی له‌ باره‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمییه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت شكستی خۆیان له‌ ئیداره‌دان و سیاسه‌تی ناوخۆیی بشارنه‌وە و "ئێستا زۆرترین پاساویان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی شكستخواردوی وڵاته‌كه‌یانی پێبشارنه‌وه‌".

 

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Russia Today، مارییا زاكارۆوڤا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا ئه‌مڕۆ له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندوه‌، به‌رپرسانی بریتانیا به‌ لێدوانه‌كانیان له‌باره‌ی دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی روسیا و كۆتایی جیهان، ده‌یانه‌وێت شكستی سیاسه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بشارنه‌وه‌.

به‌ شێوازگه‌لێك لێدوانن ده‌ده‌ن كه‌ وه‌ك بڵێیت روسیا ده‌یه‌وێت جه‌نگ دژ به‌ جیهان به‌رپابكات

وتیشی، "به‌رپرسانی بریتانیا كۆڵ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕاست ناده‌ن و زۆر به‌جدییه‌وه‌ باس له‌ كۆتایهێنانی جیهان و جه‌نگی ئه‌تۆمی ده‌كه‌ن، به‌ شێوازگه‌لێك لێدوان ده‌ده‌ن كه‌ وه‌ك بڵێیت روسیا ده‌یه‌وێت جه‌نگ دژ به‌ جیهان به‌رپابكات و ته‌واوی رۆژه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كه‌ین".

بریتانیا به‌ هه‌رشێوه‌یه‌كی بێت، ده‌یه‌وێت سه‌رنجی هاوڵاتیانی له‌ شكستی ئیداره‌دانی وڵاته‌كه‌یدا دوربخاته‌وه‌

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "بریتانیا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م تۆمه‌تانه‌ ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كی بێت سه‌رنجی هاوڵاتیان له‌ شكستی ئیداره‌دان دوربخاته‌وه‌".

بریتانیا ئێستا زۆرترین پاساوی له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی شكستخواردوی وڵاته‌كه‌ی پێبشارێته‌وه‌

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "بریتانیا ئێستا زۆرترین پاساوی له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی شكستخواردوی وڵاته‌كه‌ی خۆی و ئه‌و هه‌مو نادادپه‌روه‌رییه‌ و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه‌ بونی هه‌یه‌ پێبشارێته‌وه‌".

ئه‌م لێدوانه‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی G7دا رایگه‌یانبو، كه‌ كاركردن له‌ پێناو كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ و گرژییه‌كانی ئێستای ئۆكرانیا و ملكه‌چبون بۆ داواكانی روسیا هۆكارێكی باشن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ پاڵنه‌رێك بۆ به‌رده‌وامبونی تێكدانی ئاسایشی جیهان. 

نیشانەکردن

بریتانیا روسیا