عێراق و ئێران رێکەوتنیان لەسەر چەند پرسێک راگەیاند

05:30 - 26/06/2022

2103جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی یەمەن و ناوچەکە رێکەوتون و دەشڵێت، گفتوگۆیان سەبارەت بە ئالنگارییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان کردوە.

 لەگەڵ ئێران رێکەوتین لە پاڵپشتیکردنی یەمەن بۆ ئاساییکردنەوە و ئارامکردنەوەی دۆخی یەمەن

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران  رایگەیاند،" لەگەڵ ئێران رێکەوتین لە پاڵپشتیکردنی یەمەن بۆ ئاساییکردنەوە و ئارامکردنەوەی دۆخی یەمەن و هاوکات ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و کەمکردنەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی بەهۆی ئاسایشی خۆراکەوە روبەڕومان دەبنەوە".

رێکەوتین لەسەر پەرەدان بە هاوکارییە دولایەنەییەکانی نێوان هەردو وڵات

ئاماژەی بەوەشکرد،" رێکەوتین لەسەر پەرەدان بە هاوکارییە دولایەنەییەکانی نێوان هەردو وڵات، هاوکات گفتوگۆمان کرد سەبارەت بە ئالنگارییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەو نێوەندەدا".

 پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا قوڵ و لەمێژینەن

هاوکات هەر لەو کۆنفرانسەدا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند،" پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا قوڵ و لەمێژینەن، لەئێستادا دەمانەوێت پەرەی زیاتری پێبدەین، ئێمە زۆرترین پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق هەیە لە کۆی بوارەکاندا و پەرەی زیاتریش بەمە دەدەین".

لەبارەی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی بەسرە - شلامجە گفتوگۆمان کرد

باسی لەوەشکرد،" لەبارەی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی بەسرە - شلامجە گفتوگۆمان کرد، جەختمان لە خێراتر رایکردنی کارەکانی کردەوە، عێراق لەماوەی رابردودا کارئاسانی زۆری بۆ سەردانیکەرانی شوێنە پیرۆزەکان کردوە و رێکەوتوین لەسەر ئاسانکاری زیاتر بۆیان".

 پێویستە گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەتانی ناوچەکە زیاتر بکرێن

ئاماژەی بەوەشکرد،" پێویستە گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەتانی ناوچەکە زیاتر بکرێن، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەئارادان، ئەم هەنگاوەش ئاسایشی بۆ کیانی سەهیۆنی لە ناوچە ناهێڵێت".