خه‌ندان-
ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16 (شازده) تۆمه‌تباریان له 4 (چوار) پارێزگا ده‌ستگیركردوه كه هه‌ستاون به قاچاخچێتی به‌نزین و دروستكردنی قه‌یرانی سوته‌مه‌نی.
ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، به پشت به‌ستن به رێنماییه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ به‌دواداچون بۆ دۆسیه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وت و چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوته‌مه‌نی، هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی ئه‌و هه‌وڵه تایبه‌تانه‌ی كه ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ سنورداركردنی قاچاخچێتی و بازرگانی له بازاڕی ڕه‌ش له هه‌مو پارێزگاكاندا گرتویانه‌ته‌به‌ر، هێزه‌كانیان له پارێزگای دیوانیه دوای وه‌رگرتنی زانیاری هه‌واڵگری و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ورد و ره‌زامه‌ندی دادوه‌ر، 3 (سێ) فه‌رمانبه‌ریان له یه‌كێك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانی ده‌ستگیركرد كه تێوه‌گلاون له دزین و به‌قاچاخبردنی نه‌وتی سپی و فرۆشتنی له بازاڕی ره‌شدا.
له پارێزگای دیاله هێزه‌كانی ئاسایشی نیشتمانی هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر 3 (سێ) شوێنی جیاواز كه بۆ هه‌ڵگرتن و قاچاخكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌كان ئاماده‌كرابون
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، له هه‌مان چوارچێوه‌دا، هێزه‌كانی ئاسایشی نیشتمانی له پارێزگای دیاله به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر 3 (سێ) شوێنی جیاواز كه بۆ هه‌ڵگرتن و قاچاخكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌كان ئاماده‌كرابون، ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك تانكه‌رێك و په‌مپ و 2400 (دو هه‌زار و چوارسه‌د) لیتر به‌نزیندا و توانیان 5 (پێنج) تۆمه‌تباریش ده‌ستگیربكه‌ن.
له قه‌زای بێجی توانیان ده‌ست به‌سه‌ر دو وێستگه‌ی به‌نزین بگرن
ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی باسی له‌وه‌شكردوه، له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و به‌دیاریكراویش له قه‌زای بێجی، هێزه‌كانیان توانیان دوای چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه مه‌یدانییه‌كان، ده‌ست به‌سه‌ر دو وێستگه‌ی به‌نزین بگرن كه خاوه‌نه‌كانیان به ئه‌نقه‌ست نرخی به‌نزینیان به‌رزكردبوه‌وه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نرخانه‌ی كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وت دیاریكراون، به سودوه‌رگرتن له قه‌یرانی به‌رده‌وامی سوته‌مه‌نی و 2 (دو) تۆمه‌تباریش ده‌ستگیركران.
له پارێزگای نه‌ینه‌وا هێزه‌كانیان دوای چاودێری ورد توانیان 6 (شه‌ش) تۆمه‌تبار ده‌ستگیربكه‌ن
ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه، له پارێزگای نه‌ینه‌واش هێزه‌كانیان دوای چاودێری ورد توانیان 6 (شه‌ش) تۆمه‌تبار ده‌ستگیربكه‌ن كه له‌ناو گه‌راجێكی گه‌وره‌دا كڕین و فرۆشتنیان به به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌كان ده‌كرد و له‌بازاڕی ره‌شدا ده‌یانفرۆشته‌وه، ده‌ستیشیان به‌سه‌ر 51.000 (په‌نجاو یه‌ك هه‌زار) لیتر گازوایل گرتوه.