پۆلیسی هه‌ولێر ده‌ستگیركردنی سێ تۆمه‌تباری راگه‌یاند.. یه‌كێكیان پێشتر 14 ساڵ له‌ زیندان بوه‌

10:39 - 23/06/2022

2005جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، "هێزه‌كانیان 3 (سێ) تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ هه‌ستاون به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی دزیكردن، هه‌رسێكیشیان پێشینه‌ی تاوانیان هه‌یه‌ و یه‌كێكیان پێشتر 14 ساڵ زیندانیكراوه‌، به‌ڵام دوای چه‌ند رۆژێك له‌ ئازادكردنی، ده‌ستی به‌ئه‌نجامدانی تاوان كردوه‌ته‌وه‌".

هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رايگه‌یاند، هێزه‌كانی پۆلیس 3 (سێ) تۆمه‌تباریان له‌ناو شاری هه‌ولێر ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ پێشینه‌ی تاوانیان هه‌بوه‌ و له‌یه‌ك رۆژدا 3 (سێ) ئۆتۆمبێلی جۆره‌كانی تۆیۆتا پیكاب و نیسان ماكزیمایه‌كیان دزی بو.

 له‌ ئه‌نجامی به‌دواداچونه‌كانیش بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌ دزراوه‌‌كان، توانرا شوێنی ئۆتۆمبێله‌كان ده‌ستنیشان بكرێن

وتیشی،"دوای گه‌یشتنی زانیاری به‌ ده‌ست هێزه‌كانی پۆلیسی هه‌ولێر، تیمه‌كانمان ده‌ستیان به‌ جوڵه‌كرد بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران، له‌ ئه‌نجامی به‌دواداچونه‌كانیش بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌ دزراوه‌‌كان، توانرا شوێنی ئۆتۆمبێله‌كان ده‌ستنیشان بكرێن و ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگیرێت.

یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كان، ئۆتۆمبێلێكی دزراوی گواستبوه‌وه‌ بۆ پارێزگای دهۆك

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كان، ئۆتۆمبێلێكی دزراوی گواستبوه‌وه‌ بۆ پارێزگای دهۆك، به‌ڵام به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هێزه‌كانی پۆلیسی دهۆك و به‌دیاریكراویش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تاوان، توانرا ئۆتۆمبێله‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و تۆمه‌تباره‌كه‌ش ده‌ستگیر بكه‌ن.

هه‌ردو تۆمه‌تباره‌كه‌ی دیكه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیركراون

باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ردو تۆمه‌تباره‌كه‌ی دیكه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیركراون و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و به‌گوێره‌ی مادده‌ی 443 له‌ یاسای سزادانی عێراقی و له‌ئێستاشدا رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌به‌ر.

ئه‌و 3 (سێ) تۆمه‌تباره‌ی ده‌ستگیركراون، هه‌رسێكیان پێشینه‌ی تاوانیان هه‌بوه‌

هۆگر عه‌زیز ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، ئه‌و 3 (سێ) تۆمه‌تباره‌ی ده‌ستگیركراون، هه‌رسێكیان پێشینه‌ی تاوانیان هه‌بوه‌، یه‌كێكیان ماوه‌ی 14 (چوارده‌) ساڵ پێشتر زیندانیكراوه‌، دوای ته‌نها 2 (دو) مانگ له‌ ئازادكردنی جارێكی دیكه‌ ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجامداوه‌ته‌وه‌، دو تۆمه‌تباره‌كه‌ی دیكه‌ش پێشتر به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی هاوشێوه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك زیندانیكراون، به‌ڵام دوای ئازادكردنیان جارێكی دیكه‌ی ده‌ستیان به‌ئه‌نجامدانی تاوانه‌كان كردوه‌ته‌وه‌.