ئاسایشی سلێمانی ده‌ستگیركردنی بازرگانێكی مادده‌ی هۆشبه‌ری راگه‌یاند

04:33 - 23/06/2022

996جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، ھێزه‌كانیان له‌ چالاكیه‌كدا بازرگانێكی مادده‌ی ھۆشبه‌ریان ده‌ستگیركرد و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر بڕی 32 (سی و دو) كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌جۆری كریساڵ گرت، داوای لێبوردنیش له‌هاوڵاتیان ده‌كه‌ن كه‌ له‌كاتی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كه‌دا ته‌قه‌ دروستبوه‌.

ئاسایشی سلێمانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ درێژه‌ی ھه‌ڵمه‌ته‌كانی به‌گژداچونه‌وه‌ی بازرگانیكردن و به‌كارھێنانی مادده‌ی ھۆشبه‌ر ، ھێزه‌كانی ئاسایشی سلێمانی، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و ڕێنماییه‌كانی سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێم و به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر ، له‌ شه‌وی 22ی (حوزه‌یران/6)ی 2022 له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی تاسڵوجه‌ بۆ سلێمانی له‌ نزیك گه‌ڕه‌كی تاسڵوجه‌، پاش كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و چاودێریكردنی ورد، ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئاسایش له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبار و دروستبونی ته‌قه‌، توانیان بازرگانێكی مادده‌ی ھۆشبه‌ر به‌ناوی ( ھ،ڕ ،ب)  ده‌ستگیربكه‌ن.

هێزه‌كانی ئاسایش توانیویانه‌ ده‌ستبگرن به‌سه‌ر بری 32 (سی و دو) كیلۆ مادده‌ی ھۆشبه‌ر له‌ جۆری كریستاڵ
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هێزه‌كانی ئاسایش توانیویانه‌ ده‌ستبگرن به‌سه‌ر بری 32 (سی و دو) كیلۆ مادده‌ی ھۆشبه‌ر له‌ جۆری كریستاڵ، كه‌ تۆمه‌تبار له‌ده‌ره‌وه‌ی ھه‌رێمی كوردستان  ھێناوێتیه‌ ناو شاری سلێمانی و به‌نیاز بوه‌ بیبات بۆ شاری ھه‌ولێر، پێش به‌ئامانجگه‌یاندنی كاره‌كه‌ی، ده‌ستگیر كرا و مادده‌ ھۆشبه‌ره‌كه‌ش ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیرا، له‌ئێستاشدا تۆمه‌تبار به‌پێی مادده‌ی ( 25) له‌ یاسای مادده‌ ھۆشبه‌ره‌كان ڕاگیراوه‌ .
داوای لێبوردن له‌ ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی به‌گشتی و ھاوڵاتیانی گه‌ڕه‌كی تاسڵوجه‌ به‌تایبه‌تی ده‌كه‌ین
ئاسایشی پارێزگای سلێمانی راشیگه‌یاندوه‌، "داوای لێبوردن له‌ ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی به‌گشتی و ھاوڵاتیانی گه‌ڕه‌كی تاسڵوجه‌ به‌تایبه‌تی ده‌كه‌ین، كه‌ له‌كاتی ئه‌م چالاكیه‌دا بۆماوه‌یه‌كی كاتی ته‌قه‌ دروستبوه‌، ھه‌مو لایه‌ك ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌ك ئاسایش ھه‌میشه‌ ھه‌وڵه‌كانمان بۆ سه‌قامگیری و ئاسایش و ئارامی به‌رده‌وامه‌، ئه‌گه‌رچی ھه‌ندێكجار دۆخه‌كه‌ واده‌خوازێت كه‌ ته‌قه‌ دروستببێت، دوباره‌ داوای لێبوردن ده‌كه‌ین".

نیشانەکردن

ئاسایش