محەمەد حەلبوسی: بە قەبارەی عێراق سوپاسی موقتەدا سەدر دەکەین

03:23 - 23/06/2022

1437جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەرکەسە و لەشوێنی خۆیەوە، لەناوەوە و دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیان بە هەنگاونان کردوە بۆ بەدەستهێنانی چاکسازی راستەقینە، لەپێناو گەلی عێراق، دەشڵێت، بە قەبارەی هەمو عێراق سوپاسی سەدر دەکەین کە قوربانییەکی زۆری داوە.

دەستمان بە رێگەکەمان کرد لەپێناو گەلەکەمان

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تویتێکدا رایگەیاند،" دەستمان بە رێگەکەمان کرد لەپێناو گەلەکەمان، هەرکەسە و لەپێگەی نیشتیمانی خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ بەدیهێنانی چاکسازی راستەقینە کە هیوای عێراقییەکانە".

بەقەبارەی عێراق سوپاسی موقتەدا سەدر دەکەین

هاوکات لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە،" بەقەبارەی عێراق سوپاسی موقتەدا سەدر دەکەین، کە قوربانییەکی لەهەژمارنەهاتوی داوە، هەمیشە بەبێ دابڕان ئامادەبوە".

کورسییە بەتاڵەکانی پەرلەمان کە هەفتەی رابردو لەلایەن پەرلەمانتارانی سەدرەوە بەجێهێڵران، پڕکرانەوە و سوێندی یاساییان خوارد

ئەم پەیامەی حەلبوسی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لە کۆبونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەکی رانەگەیەندراو، کورسییە بەتاڵەکانی پەرلەمان کە هەفتەی رابردو لەلایەن پەرلەمانتارانی سەدرەوە بەجێهێڵران، پڕ کرانەوە و سوێندی یاساییان خوارد.

پێشتر بە بڕیاری محەمەد حەلبوسی بڕیاردرابو ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبونەوەیەکی نائاسایی لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و بەشێک لەبەرنامەی کاری کۆبونەوەکەش تایبەت بێت بە هەمواری چەند بڕگەیەک لە یاسای نیزامی ناوخۆیی پەرلەمان، بەڵام چەند خولەکێک پێش کۆبونەوەکە پلانەکە گۆڕان.
هاوکات کاروان یاروەیس پەرلەمانتاری عێراق بە خەندانی راگەیاندبو، پێشتر بە واژۆی 50 پەرلەمانتار داوای کۆبونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانمان کردبو لەبارەی بۆردومانەکانی ئەم دواییەی سوپای عێراق، بۆیە پێشبینی دەکەین ئەو پرسە بەشێک لە کۆبونەوەکە پێکبهێنێت.