وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو: بەهیچ جۆرێک ئاوی دیجلە و فورات وشک ناکەن

02:21 - 23/06/2022

2058جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راوێژکاری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، ئەو زانیاریانەی باس لەوەدەکەن کە لەماوەی چەند ساڵی داهاتودا ئاوی روبارەکانی عێراق وشک دەکەن دورن لە راستییەوە، دەشڵێت," بەشێوەیەکی بەردەوام روبەڕوی کەمبونەوەی ئاوەکە دەبنەوە، بەڵام بەشێوەیەکی پلەبەندی.

 

هەندێک لایەن هەوڵی گەورەکردنی کێشەی کەمئاوی عێراق دەدەن

عەون زیاب، راوێژکاری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند،" هەندێک لایەن هەوڵی گەورەکردنی کێشەی کەمئاوی عێراق دەدەن بە ئامانجی دروستکردنی جۆرێک لەسەرلێشێواوی لەناو هاوڵاتیاندا، ئەو زانیاریانەی باس لەوەدەکەن کە لەچەند ساڵی داهاتودا ئاوی روبارەکان بە تەواوی وشک دەکەن دورن لە راستیەوە'.

کەمی ئاوی شتێکی رونە، ساڵانە و بەبەردەوامی بەشێوەیەکی پلەبەندی روبەڕوی دەبینەوە

ئاماژەی بەوەشکرد،" کەمی ئاوی شتێکی رونە، ساڵانە و بەبەردەوامی بەشێوەیەکی پلەبەندی روبەڕوی دەبینەوە، پێشبینیش دەکەین لەداهاتودا لەدوای تەواوبونی ئەو پرۆژانەی هەریەکە لە تورکیا و سوریا و ئێران لەسەر ئەو روبارانە دروستی دەکەن، کێشەکە گەورەتر دەبێت، ئەمەش پێشێلکردنی رێکەوتنی ساڵی 1997ی نەتەوەیەکگرتوەکانە، سەبارەت بە هاوبەشی ئاو لەنێوان دەوڵەتانی دراوسێ".

تەواوکردنی پرۆژەکانی تورکیا، بەشێوەی تەواوەتی ئاوی عێراق نابڕێت

ئاشکراشیکرد،" تەواوکردنی پرۆژەکانی تورکیا، بەشێوەی تەواوەتی ئاوی عێراق نابڕێت، بەڵام 11ملیار ئاوی روبارەکە لە تێکڕای ساڵانە کەمدەکاتەوە، کە ئەمەش کاریگەری خراپی خۆی دەبێت".

پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ دەست بە گرتنە بەری رێوشوێنی نوێ و تاقیکردنەوەی تەکنەلۆجیای نوێ بەمەبەستی ئاودێری بکات

باسی لەوەشکرد،" پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ دەست بە گرتنە بەری رێوشوێنی نوێ و تاقیکردنەوەی تەکنەلۆجیای نوێ بەمەبەستی ئاودێری بکات، بە شێوەیەک کەمترین ئاو پێویست بێت و کەمترین بڕی بەفیڕۆ بچێت".

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی راپۆرتێک لەماوەی چەند ساڵی داهاتودا لەئەنجامی کەمی باران و وشکەساڵی و دروستکردنی پرۆژەکان لەدەرەوەی عێراق لەسەر ئاوی روباری دیجلە و فورات ئاوی دو روبارەکە بەشێوەی بەرچاو کەمدەکەنەوە.