سەنتەری میترۆ: مەبەستمانە بەشداری گشتی لە بڕیاردا هەبێت و هاوڵاتیان بێبەشنەكرێن لە بڕیارە گرنگەكان

01:55 - 23/06/2022

374جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت،  لە كاتێكدا كە پێشوازی لە بریارەكانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە هاوكاریكردنی دەزگاكانی راگەیاندن و كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان،  ژمارە 11 ی ساڵی 2013 ، چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەکان دەکات، دەشڵێت،مەبەستیانە بەشداری گشتی لە بڕیاردا هەبێت و هاوڵاتیان بێبەشنەكرێن لە بڕیارە گرنگەكان، ئەمەش لە ئەنجامی زانیاری دروستەوە بەرجەستە دەبێت.

ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی حكومەت لە ڕوی شەفافیەت و ئاگاداركردنەوەی ڕای گشتی

سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەگەری، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە،" رۆژی چوارشەممە 22 ی حوزەیرانی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچو

بە پێی راگەیەندراوی رەسمی كۆبونەوەكە سەرۆك وەزیران بە ئاماژەكردن بە دیدارەكەی لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستان، وەزارەت و بەرپرسانی حكومەتی ڕاسپارد، هاوكاری زیاتری دەزگاكانی ڕاگەیاندن بكەن و ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكەن و زیاتر زانیاری و ڕونكردنەوە دەربارەی كار وچالاكییەكانی حكومەت بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی كوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی حكومەت لە ڕوی شەفافیەت و ئاگاداركردنەوەی ڕای گشتی".

 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریكردنی لە وتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان کرد

ئاماژەی بەوەشکردوە،" قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریكردنی لە وتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، ژمارە 11 ی ساڵی 2013 كرد، ئەویش لە ڕێگەی دەركردنی ڕێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاساكە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سیستماتیك، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە ڕۆژنامەنوسان و هاوڵاتییان  ڕێكبخرێتەوە".

داوای دەركردنی رێنمای بۆ یاساكە كردوە كە كراوە بە ئاستەنگ لەبەردم جێبەجێكردنی

هەر لە راگەیەندراوەکەی میترۆدا هاتوە،" سەنتەری میترۆ لە رۆژی دامەزراندنییەوە لە 11ی ئابی 2009، چاودێری جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان و پاشانیش لە رۆژی دەرچونی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، داوای دەركردنی رێنمای بۆ یاساكە كردوە كە كراوە بە ئاستەنگ لە بەردم جێبەجێكردنی".

مافی زانین مەرجی گرنگی حوكمداری باشە، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لەیەكتر جیاناكرێنەوە

باسی لەوەشکردوە،" جەخت لە هەڵوێستەكانی رابردومان دەكەینەوە، مافی زانین مەرجی گرنگی حوكمداری باشە، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لەیەكتر جیاناكرێنەوە، مەبەستمانە بەشداری گشتی لە بڕیاردا هەبێت و هاوڵاتیان بێبەشنەكرێن لە بڕیارە گرنگەكان. ئەمەش لە ئەنجامی زانیاری دروستەوە بەرجەستە دەبێت".

چاودێری جێبەجێكردنی ئەم دو بڕیارە دەكات كە لە ئەگەری لادان و جێبەجێنەكردنیان راپۆرتی چاودێری خۆی لەم بارەیەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت

هاوکات ئاشکراشیکردوە،" سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا كە پێشوازی لە بریارەكانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە هاوكاریكردنی دەزگاكانی راگەیاندن و كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان،  ژمارە 11 یساڵی 2013 ، چاودێری جێبەجێكردنی ئەم دو بڕیارە دەكات كە لە ئەگەری لادان و جێبەجێنەكردنیان راپۆرتی چاودێری خۆی لەم بارەیەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت".