کۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت

11:30 - 23/06/2022

3473جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەیەکی نائاساییە، چونکە لە پشودایە، دەشڵێت پێدەچێت بابەتی بۆردومانەکانی تورکیا  و پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی سەدر بەرنامەی کاری کۆبونەوەکە بێت.

ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردیەکان هەمو ئامادەیین و بەشداری کۆبونەوەکە دەکەین

کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند،" بڕیار بو کاتژمێر 11:00 کۆبونەوەکەی پەرلەمان دەستپێبکات، بەڵام ئەوە ئێمە لەپەرلەمانین تائێستا دەستی پێنەکردوە، ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردیەکان هەمو ئامادەیین و بەشداری کۆبونەوەکە دەکەین".

کۆبونەوەکە لەسەر داوای 50 پەرلەمانتار بەشێوەی نائاسایی ئەنجامدەدرێت

رونیشیکردەوە،" لەئێستا پەرلەمان لە پشوی خۆیدایە، بۆیە کۆبونەوەکە لەسەر داوای 50 پەرلەمانتار بەشێوەی نائاسایی ئەنجامدەدرێت".

 تائێستا بەرنامەی کاری کۆبونەوەکە دیارنییە

ئاشکراشیکرد،" تائێستا بەرنامەی کاری کۆبونەوەکە دیارنییە، بەڵام بەگوێرەی یاداشتەکەی ئێمە، بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکان لەلایەن تورکیاوە، بەشێکی کۆبونەوەکە پێکدەهێنێت و پێدەچێت گفتوگۆ لەبارەی پڕکردنەوەی کورسی سەدرییەکانیش بکرێت".

پێناچێت کاریگەری لەسەر کورسیەکانی ئێمە هەبێت

سەبارەت بە پڕکردنەوەی کورسی سەدرییەکان و زیادبونی کورسی فراکسیۆنە کوردییەکان ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد،" پێناچێت کاریگەری لەسەر کورسیەکانی ئێمە هەبێت، چونکە زۆرینەی ئەو کورسیانەی سەدر هێناویانە هی ناوچە شیعییەکانە کە کورد هێندەی دەنگ تێدا نەهێناوە، بەڵام پێدەچێت فەتح و عەزم و ئەو لایەنە شیعیانەی دیکە کورسییەکانیان زیادبکات".

هاوکات سەبارەت بە بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ کۆبونەوەکەی پەرلەمان، باسی لەوەکرد،" لەو باوەڕەدانیم بۆ کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ بانگهێشت بکرێن".