واشنتن، مۆسکۆ بەهۆکاری بەرزبونەوەی ئاوارە لە جیهاندا تۆمەتبار دەکات

11:15 - 20/06/2022

666جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، روسیا هۆکارە بۆ زیادبونی پێوانەیی لە ژمارەی ئاوارەکان لە جیهاندا، دەشڵێت پابەندن بە شوێنی مانەوەی کاتی بۆ دەیان هەزار ئۆکرانی لە وڵاتەکەیاندا.

لەئەنجامی شەڕی چەند مانگەی روسیا دژی ئۆکرانیا، گەیشتوین بە ئاماژەیەکی قورس

جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا کە بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویکردەوە،" لەئەنجامی شەڕی چەند مانگەی روسیا دژی ئۆکرانیا، گەیشتوین بە ئاماژەیەکی قورس، بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران، تائێستا 100000000 سەد ملیۆن کەس ئاوارە بون، کە ئەمە زۆرترین رێژەی ئاوارەبونە لە مێژودا".

لەماوەی ساڵی رابردودا لە وڵاتەکەماندا پێشوازیمان لە 80000 هەشتا هەزار هاوڵاتی ئەفغانی کردوە

ئاماژەی بەوەشکرد،"لەماوەی ساڵی رابردودا لە وڵاتەکەماندا پێشوازیمان لە 80000 هەشتا هەزار هاوڵاتی ئەفغانی کردوە، پابەندین بە دابینکردنی شوێنی مانەوەی کاتی بۆ دەیان هەزار ئۆکرانی و بەردەوامیش دەبین لە هاوکاریکردنیان".

100000000 سەد ملیۆن کەس ژمارەیەکی پێوانەییە و نابێت لەوە بەرزتر بێتەوە

ئەمە لەکاتێکدایە فیلیپۆ گراندی، کۆمسیاری کاروباری پەنابەران رایگەیاندوە،" 100000000 سەد ملیۆن کەس ژمارەیەکی پێوانەییە و نابێت لەوە بەرزتر بێتەوە، هاوکارییە مرۆییەکان و دورستکردنی شوێنی مانەوە بۆیان چارەسەرێکی گونجاو نییە بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی روداوەکانی ئێستاوە ئاوارەبون".