حەلبوسی فەرمانێکی کارگێڕی بۆ کۆتاییهاتنی ئەندامێتی پەرلەمانتارانی سەدر دەردەکات

08:29 - 19/06/2022

679جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە فەرمانێکی کارگێڕی بۆ کۆتاییهاتنی ئەندامێتی پەرلەمانتارانی سەدر دەرکرد، بەگوێرەی فەرمانەکەش ئەندامیەتی هەریەک لە حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر لە ئێستادا بە فەرمی کۆتاییهاتوە.

حەلبوسی فەرمانێکی کارگێڕی بۆ کۆتاییهاتنی ئەندامیەتی پەرلەمانتارانی سەدر دەرکردوە

محەمەد حەلبوسی لە زنجیرەیەک نوسراودا کە رۆژی 16ی ئەم مانگە دەریکردون و لەلایەن ئەمینداریەتی گشتی پەرلەمانەوە بڵاوکراونەتەوە، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر، بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانی کارگێڕی بۆ کۆتاییهاتنی ئەندامێتییانی لە پەرلەمان دەرکردوە.

لە نوسراوەکەدا هاتوە، بەگوێرەی ماددەی 12 لە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە 13ی ساڵی 2018، بڕیاردراوە بە کۆتاییهاتنی ئەندامێتی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو دەستلەکارکێشانەوەیەی خۆیان پێشکەشیان کردبو.

پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر  بە کۆمەڵ دەستیانلەکارکێشایەوە

دوای چەقبەستویی سیاسی لە عێراق کە ماوەی حەوت مانگ بەردەوامی هەبو، ئێوارەی 12ی ئەم مانگە پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتەکەیان بە کۆمەڵ دەستیانلەکارکێشایەوە.

نیشانەکردن

عێراق