سه‌رۆكی فڕه‌نسا، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا گه‌یشتنه‌ ئۆكرانیا

09:45 - 16/06/2022

1734جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا و ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا  و ماریۆ دراگی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بەمەبەستی دڵنیایدان لە پاڵپشتی و هاوکارییەکانی ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتە، گەیشتنە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

به‌پێی ماڵپه‌ڕی ئەلعەرەبییە، به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا  و ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا  و ماریۆ دراگی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەوە گەیشتونەتە پۆڵندا، لەوێشەوە لەرێگەی شەمەندەفەرێکی تایبەت بەڕێکەوتون بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کەمێک لەمەبەوبەریش گەیشتنە شوێنی مەبەست.

لەوباوەڕەدام لەم کاتەدا پێویستە ئاماژەی سیاسی رون بنێرین بۆ کێیڤ کە ماوەی چەندین مانگە بەرگرییەکی قارەمانانە دەکەن

دوێنێ چوارشەممە ئیمانوێل ماکرۆن کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا دەکات، لەمیانەی سەردانیکردنی بۆ یەکەیەکی ناتۆ لە رۆمانیا، لە وڵامی پرسیاری سەردانیکردنی بۆ کیێڤ رایگەیاند، "لەوباوەڕەدام لەم کاتەدا پێویستە ئاماژەی سیاسی رون بنێرین بۆ کێیڤ کە ماوەی چەندین مانگە بەرگرییەکی قارەمانانە دەکەن".

بڕیارە گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بە یەکێتی ئەوروپا و هاوکارییە سەربازیەکان بکرێت

بڕیارە لەمیانی سەردانی ئەو سێ سەرکردە ئەوروپییە، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بە یەکێتی ئەوروپا و هاوکارییە سەربازیەکان بکرێت.

هاوکات چاوەڕێ دەکرێت، جارێکی دیکە ڤۆلۆدیمێر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا جارێکی دیکە داوای ناردنی هاوکاری سەربازی لە چەکی قورس و سوک لە وڵاتە ئەوروپیەکان بکاتەوە.