خوشکێکی تاریقی بەقاڵ هۆکاری دروستبونی گرژییەکەی ناو دادگای سلێمانی ئاشکرادەکات

06:03 - 13/06/2022

27489جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

خوشکێکی تاریقی بەقاڵ رایگەیاند، هۆکاری دروستبونی گرژییەکەی ئەمڕۆی ناو دادگای سلێمانی بەهۆی ئەوەوە بوە کە بەبڕیاری دادوەر رازی نەبون، سەبارەت بە سزادانی ئەو کەسەی ئۆتۆمبێلی براکەیانی بردوە، دەشڵێت هەشت خوشکی و دایکی لەدوای روداوەکە بەتۆمەتی دروستکردنی گرژییەکە راگیراون.

 ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی یەکێک لە تاوانبارانی کەیسەکەی تاریقی بەقاڵ بو

خوشکێکی تاریقی بەقاڵ، کە ئەمڕۆ لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە لەناو دادگای سلێمانی هێرشکرایە سەری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی یەکێک لە تاوانبارانی کەیسەکەی تاریقی بەقاڵ بو، لەو کاتەی دادوەر بڕیاری لەبارەی ئەو کەسەوە دەرکرد کە ئۆتۆمبێلەکەی بردبو، ئێمە ناڕازی بوین، چونکە ماددەکەیان لە 406 بۆ 460 گۆڕیبو، ئەمەش گرژی لێکەوتەوە".

من ویستم بە خوشکەکانم بڵێم با دادگا بەجێبهێڵین و بڕۆین

باسی لەوەشکرد،" من ویستم بە خوشکەکانم بڵێم با دادگا بەجێبهێڵین و بڕۆین، بەڵام هێندەم نەزانی کەسێک لەدواوە قژی گرتم و دواتریش" بەشەق" لێیدام، ئیتر من بێهۆش بوم و ئاگام لە دونیا نەما، کەسێک لەژێر دەستیاندا دەری هێنام".

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی خۆی هاتە سەرخەت و بەدەنگمانەوە هات

ئاماژەی بەوەشکرد،" دواتر کە هۆشم هاتەوە، ویستم بچمە لای خوشکەکانم و دایکم، بەڵام پێیان وتم کە ئەوان راگیراون و ناتوانم بیانبینم، بەڵام دواتر بە سوپاسەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی خۆی هاتە سەرخەت و بەدەنگمانەوە هات".

 ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بکوژی براکەم بە سزای خۆیان بگەن

خوشکەکەی تاریقی بەقاڵ ئاماژەی بەوەشدا،" ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بکوژی براکەم بە سزای خۆیان بگەن، من داوای یاساییم لەسەر ئەو ئەفسەرە تۆمارکردوە کە ئەو کارەی بەرامبەرکردین".