ئەمریکا بە گەورەکردنی قەیرانی نیمچە دورگەی کۆریا تۆمه‌تبارده‌كرێت

08:52 - 09/06/2022

1296جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەریەکە لە وڵاتانی چین و روسیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ لە کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکاندا، رەخنەیان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكا گرت، سەبارەت بە هەڵوێستی بەرامبەر کۆریای باکور و تۆمەتباریان کرد بە گەورەکردنی قەیرانی نیمچە دورگەی کۆریا.

دۆخی نیمچە دورگەی کۆریا بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە گەیشتوەتە ئەمڕۆ


لە دواین کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان، تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لەلایەن مۆسکۆ و پەکینەوە دژی بڕیارێکی ئەمریکا بە زیادکردنی سزاکانی سەر کۆریای باکور، چانگ جون باڵیۆزی چین لە رێکخراوەکە رایگەیاند، دۆخی نیمچە دورگەی کۆریا بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە گەیشتوەتە ئەمڕۆ داوایشیکرد سزاکانی سەر کۆریای باکور کەمبکرێنەوە.

کۆریای باکور پێویستی بە هاوکاری مرۆیی زیاترە

لای خۆشییەوە ئانا ئیڤستیگنیڤا، جێگری باڵیۆزی روسیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان وتى،"کۆریای باکور پێویستی بە هاوکاری مرۆیی زیاترە، دەبێت رۆژئاوا دەستهەڵبگرێت لە تۆمەتبارکردنی پیۆنگ یانگ لە دۆخی نیمچەدروگەی کۆریا و خستنەسەرشانی بەرپرسیارێتییەکان".

ئەو سزایانەی لەئێستادا پێشنیارکراوە وەڵامی راستەوخۆی چالاکییەکانی کۆریایە

هاوکات وەک وەڵامێکیش جێفری دی لۆرنتیس، باڵیۆزی ئەمریکا لەنەتەوەیەکگرتوەکان، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و ئاشکرایکرد ئەو سزایانەی لەئێستادا پێشنیارکراون وەڵامی راستەوخۆی چالاکییەکانی کۆریایە، لەگەڵئەوەشدا "هەوڵی گفتوگۆی بێ مەرج لەگەڵ ئەو وڵاتە دەدەین".

کۆریای باشور و ئەمریکا هۆشداریاندابو لە تاقیکردنەوەی حەوتەمین ئەزمونی ئەتۆمی خۆی

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی چەند هەفتەی رابردودا هەریەکە لە کۆریای باشور و ئەمریکا هۆشداریاندابو لە تاقیکردنەوەی حەوتەمین ئەزمونی ئەتۆمی خۆی، کۆریای باکور رایگەیاند، "ئەوەی ئەنجامی دەدات دژی بڕگەکانی میساقی نەتەوەیەکگرتوەکان نییە چونکە بە ئاشکرا نوسراوە هەمو دەوڵەتێک مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بە شێوەی تاک یان کۆمەڵ بکات".