خه‌ندان-
د. یوسف گۆران، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی مەکتەبی سیاسی یه‌كێتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای دیداری یه‌كێتی رایگه‌یاند، كلتوری حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان كلتورێكی لاوازه و حوكمڕانی وه‌كو هه‌ركارێكی دیكه پێویستی به پسپۆڕیی و كه‌سانی شاره‌زا هه‌یه، كێشه‌ی سه‌ره‌كی له كوردستاندا شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی خزمه‌تگوزاریه‌كانی وڵاته‌كه‌یه، یه‌كێتی دیدی هه‌یه و له كابینه‌ی پێشوه‌وه هه‌وڵیانداوه كه شێوازی به‌ڕێوه‌به‌ردنی حوكمڕانی گۆڕانكاری تیابكه‌ن، ده‌شڵێت، "له كوردستاندا كێشه‌ی گه‌نده‌ڵیمان هه‌یه وه‌كو هه‌ر وڵاتێكی دیكه كه تازه به‌ره‌و دیموكراسی ده‌چێت و ئه‌وانه‌ی كه سه‌ركه‌وتوبون، ئه‌وانه‌ن كه توانیویانه چاره‌سه‌ری بكه‌ن".
د. یوسف گۆران له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، لەبارەی ئامانجه‌كانی دیداری یه‌كێتی رایگه‌یاند، "ئامانجی سه‌ره‌كی دیداری یه‌كێتی نوێبونه‌وه‌ی دیدو روئیا‌و سیاسه‌تی یه‌كێتییه له‌سه‌ر هه‌مو سێكته‌ر و بواره جیاجیاكان، كه په‌یوه‌سته به ژیانی گشتی خه‌ڵك و حزبایه‌تی، یه‌كێتی له‌م قۆناغه‌دا هه‌ستی به‌وه‌كردوه كه ماوه‌یه‌كی زۆر تێپه‌ڕیوه و پێویسته دیدو روئیای خۆی نوێبكاته‌وه و جارێكی دیكه بتوانێت خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه له‌ناوچه‌كه و كوردستاندا رویانداوه، بگونجێنێت و بتوانێت وه‌كو جاران كه چۆن دید و سیاسه‌تی تایبه‌ت به خۆی هه‌بو بۆ بابه‌ته هه‌نوكه‌ییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه، ئێستاش بتوانێت بۆگۆڕانكاریه‌كان خۆی ئاماده‌بكات".
زیاتر له 1500 پڕۆژه و پێشنیارمان بۆ هاتوه له شوێنه جیاجیاكانه‌وه چ به‌شێوه‌ی ئۆنلاین بۆمان هاتوه چ به شێوه‌ی سه‌ردانكردنمان
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له 9 تا 10 ناوچه‌دا دیداری یه‌كێتی به‌ڕێوه‌چو، له به‌غدا، خانه‌قین، كه‌ركوك و هه‌مو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌رناوچه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بوه، هه‌ندێك ناوچه هه‌بوه خه‌می گشتیان جیاواز بوه له هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه بۆ نمونه ئه‌گه‌ر ناوچه دابڕاوه‌كانی وه‌كو كه‌ركوك و خانه‌قین سه‌یری بكه‌ین ئه‌و كێشانه‌ی كه ده‌هاتنه سه‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه جیاوازبون له‌وه‌ی له سلێمانی یان له رانیه باسده‌كران، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌گه‌ڵ هه‌مو كادیرانی سه‌ره‌كی یه‌كێتی قسه‌مان له‌سه‌ر شێوه‌ی حوكمڕانی کردوە، كه ده‌بێت یه‌كێتی روئیای چۆن بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان و ئابوری كوردستان، هه‌روه‌ها روئیای چۆن بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خۆی، پاشان بۆ سێكته‌ره‌كانی ژنان، گه‌نجان، لاوان و خوێندكاران و هه‌مو بابه‌تانه‌ی كه خه‌می گشتین، ده‌توانین بڵێین ره‌ئی زۆر جیاواز هه‌بون، ئێمه زیاتر له 1500 پڕۆژه و پێشنیارمان بۆ هاتوه له شوێنه جیاجیاكانه‌وه چ به‌شێوه‌ی ئۆنلاین بۆمان هاتوه چ به شێوه‌ی سه‌ردانكردنمان".
ئه‌مه گه‌وره‌ترین پڕۆسه‌ی راوه‌رگرتن و موناقه‌شه‌یە كه له ماوه‌ی ده‌یان ساڵی رابردودا له‌ناو یه‌كێتیدا كراوه
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئێستا كادیرانی یه‌كێتی داواكاریان چیه له بڕیاربه‌ده‌ستانی یه‌كێتی، د. یوسف گۆڕان باسی له‌وه‌كرد، "ئه‌مه گه‌وره‌ترین پڕۆسه‌ی راوه‌رگرتن و موناقه‌شه‌یە كه له ماوه‌ی ده‌یان ساڵی رابردودا له‌ناو یه‌كێتیدا كراوه، زیاتر له سێ بۆ چوار هه‌زار كادیر راسته‌وخۆ به‌شدارن له‌م پڕۆسه‌یه‌دا، جگه له‌وه‌ی زیاتر له 90 هه‌زار كادیر له‌و كۆبونه‌وانه هه‌بون، كادیران به‌پێی شوێنه جیاجیاكان پڕۆژه‌ی جیاوازیان هه‌یه، بۆ نمونه چۆن وابكه‌ین زیاتر خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ین له سێكته‌ره جیاوازه‌كاندا، چۆن وابكه‌ین جۆرێك له جێگیری له دۆخی ئابوری‌دا بهێنینه كایه‌وه، هه‌روه‌ها بۆ بابه‌تی ژنان كه ئێمه حزبێكی سۆشیال دیموكراتین و گرنگییه‌كی تایبه‌ت ده‌ده‌ین به مه‌سه‌له‌ی ژنان و باڵانسی جێنده‌ری و په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه ئێمه لایه‌نێكی سه‌ره‌كی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق بوین و مامجه‌لال كۆڵه‌كه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق بوه، پڕۆژه‌مان بۆ هاتوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن بتوانین جارێكی دیكه په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به هاوسه‌نگی دروستبكه‌ینه‌وه، مناقه‌شه‌ی زۆر له‌سه‌ر كراوه".
راسته له كۆنگره توانیمان هه‌ندێك گۆڕانكاری و نوێبونه‌وه له هه‌یكه‌لی یه‌كێتیدا بكه‌ین، به‌ڵام نه‌مانتوانیبو خیتابی سیاسی خۆمان و روئیابینینی خۆمان نوێبكه‌ینه‌وه
له‌وه‌ڵامی ئه‌و ره‌خانه‌ی كه له یه‌كێتی ده‌گیرێت و ده‌وترێت یه‌كێتی گوێ له مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تییه‌كانی ناگرێت، ئێستا چی رویداوه كه گوێ له كادیرانی ده‌گرێت؟، یوسف گۆران وتی، "دیاره گۆڕانكاری تازه هه‌یه له‌ناو یه‌كێتی، ئێمه كۆنگره‌ی چواره‌مان كرد و له‌ژێر ناوی كۆنگره‌ی نوێبونه‌وه به‌ڕێوه‌چو، راسته له كۆنگره توانیمان هه‌ندێك گۆڕانكاری و نوێبونه‌وه له هه‌یكه‌لی یه‌كێتیدا بكه‌ین، به‌ڵام نه‌مانتوانیبو خیتابی سیاسی خۆمان و روئیابینینی خۆمان به‌وشێوه‌یه نوێبكه‌ینه‌وه كه بتوانین یه‌كێتی نوێ بكه‌ینه‌وه، ئێمه له‌وكاته‌وه بڕیارمانداوه كه جۆرێك له گۆڕانكاری له‌شێوه‌ی بیركردنه‌وه و په‌یوه‌ندیكردنمان له‌گه‌ڵ كادیرانمان بگۆڕین، بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا رویداوه دو شته، یه‌ك ئه‌و راسپاردانه‌ی كۆنگره‌ی چواره و دوه‌میش، خۆتان ده‌زانن كه جه‌وێك له‌ناو یه‌كێتیدا دروستبوه و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ین كه زیاتر یه‌كێتی به‌ره‌و ریفۆڕم و چاكسازی و نزیكبونه‌وه له داخوازیه‌كانی خه‌ڵك به‌رین، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی وه‌كو جاران ده‌ستپێشخه‌ربێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خه‌ڵك و سه‌ركردایه‌تیكردنی مافه ره‌واكانی خه‌ڵك".
یه‌كێتی هه‌ستی به‌وه‌كردوه كه كێشه‌ی هه‌یه له داڕشتنی سیاسه‌ت و كێشه‌ی هه‌یه له داڕشتنی دیدی
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئێستا له‌سه‌روبه‌ندی یادی دامه‌زراندنی یەکێتیدان، یەکێتی کە دامەزرێنەری شۆڕشی نوێ و راپەڕینی 1991 و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ئێستا یەکێکە لە بکەرە سەرەکییەکانه دەسەڵات و 20 هەزار شەهیدی هەیە، پلانتان چیە بۆ ئەوەی بیکەنەوە بە یەکێتییەکەی جاران وەکو دەوترێت بە یەکێتیەکەی مامجه‌لال؟، د. یوسف گۆران ده‌ڵێت، "یه‌كێتی هه‌ستی به‌وه‌كردوه كه كێشه‌ی هه‌یه له داڕشتنی سیاسه‌ت و كێشه‌ی هه‌یه له داڕشتنی دیدی، كێشه‌ی هه‌یه له شێوازی جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ت، چی له‌ناوچه‌كه‌ی خۆیدا و چ له هه‌رێمی كوردستان و عێراقیشدا، بۆیه ئه‌م دیداره هه‌وڵێكه بۆ سه‌رله‌نوێ ناساندنه‌وه و پێناسه‌كردنه‌وه‌ی خۆی، پێموایه ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر ناوچه‌ی خۆمان بكه‌ین، ئێمه هه‌رێمی كوردستان هه‌موی به ناوچه‌ی خۆمان داده‌نێین و یه‌كێتی هه‌مو شوێنێك به‌تایبه‌تی له باشوری كوردستان به شوێنی چالاكی خۆی داده‌نێت، بۆیه ئه‌گه‌ر ئێمه چاره‌سه‌رێكمان هه‌بێت ده‌بێت بۆ هه‌مو كوردستان بێت له زاخۆ تا خانه‌قین".
یه‌كێتی له‌ماوه‌ی 15 ساڵی رابردودا توشی كێشه‌ی گه‌وره بوە به‌ڵام ئێستا له هه‌وڵدایه ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكات
له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی پێشتر به واقع و به كورسیش نیوه‌ی هه‌رێمی كوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌بو، به‌ڵام ئێستا ژماره‌ی كورسییه‌كانی له 21 كورسی تێپه‌ڕناكات، هۆكاری ئه‌مه چیه؟ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی راوێژكارانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتی، "یه‌كێتی وه‌كو حزبێكی زیندوی سه‌ره‌كی ئه‌م كوردستانه له‌ماوه‌ی 15 ساڵی رابردودا توشی كێشه‌ی گه‌وره بو، به‌تایبه‌تی كێشه‌ی جیابونه‌وه و له‌ده‌ستدانی كاریزمایه‌كی وه‌كو مامجه‌لال، ئه‌مانه هه‌موی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێستا و ئاینده‌ی یه‌كێتی هه‌بو، به‌ڵام ئێستا له هه‌وڵدایه ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكات و وه‌كو حزبێكی ده‌ستپێشخه‌ر له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان بێته‌وه مه‌یدان، بۆیه ئه‌م دیداره هه‌وڵێكه له‌پێناو ئامانجه گه‌وره‌یه‌ی كه یه‌كێتی هه‌یه‌تی".
ره‌نگه هیچ حزبێك به‌قه‌د یه‌كێتی هه‌وڵی گۆڕانكاری ناوخۆیی نه‌دابێت و هه‌وڵی به‌هێزكردنی دیموكراسییه‌تی ناوخۆیی نه‌دابێت
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی دەوترێت یه‌كێتی له‌ناوخۆی خۆیدا لە مەوقیفێکی دژواردایە و دەیەوێت بەم ڕێگایە هیوا بداتەوە بە لایەنگرانی، ئایا ئه‌مه راسته؟ یان ھەر بەشێکە لە پروپاگەندەی سەر یەکێتی؟، د. یوسف گۆران وتی، "من پێموایه ئه‌وه پڕوپاگه‌نده‌یه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئێمه ده‌ستمان پێكردوه هی ئه‌مڕۆ و دوێنێ نیه به‌ڵكو له پێش كۆنگره‌وه باسی نوێبونه‌وه و چاكسازی كراوه، ره‌نگه هیچ حزبێك به‌قه‌د یه‌كێتی هه‌وڵی گۆڕانكاری ناوخۆیی نه‌دابێت و هه‌وڵی به‌هێزكردنی دیموكراسییه‌تی ناوخۆیی نه‌دابێت، له ساڵی 2005ه‌وه بابه‌تی ریفۆڕم و چاكسازی بوه‌ته مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ریفۆڕم و گۆڕانكاریانه‌ی كه پێشتر كادیرانمان داوایان ده‌كرد به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌یه‌ك به میكانزمێك به موئه‌سه‌ساتی بكرێت و له‌چوارچێوه‌ی شیعارات ده‌ربچێت، بۆیه ئێمه ئێستا له‌ناو قوڵایی حزبه‌كه‌وه كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی به‌دیبهێنین".
كێشه‌ی سه‌ره‌كیمان له كوردستاندا شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی خزمه‌تگوزاریه‌كانی وڵاته‌كه‌یه
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین بنه‌ماكانی حوكمڕانییه‌كی باش دروستبكه‌ین كه به‌پێی ستانداردی جیهانی هه‌مومان ده‌زانین چیه، یه‌كێتی هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌ماكانی حوكمڕانییه‌كی باش دروستبكات، بێگومان هه‌مو سێكته‌ره خزمه‌تگوزاریه‌كان ده‌چێته ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه، ئێمه كێشه‌ی سه‌ره‌كیمان له كوردستاندا شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی خزمه‌تگوزاریه‌كانی وڵاته‌كه‌یه، بۆیه یه‌كێتی دیدی هه‌یه و له كابینه‌ی پێشوه‌وه هه‌وڵمانداوه كه شێوازی به‌ڕێوه‌به‌ردنی حوكمڕانی گۆڕانكاری تیابكه‌ین، چ له مه‌سه‌له‌ی بایۆمه‌تر یان مه‌سه‌له‌ی خزمه‌ت بێت كه ستافی یه‌كێتی و كاك قوباد له‌وێ سه‌ركردایه‌تیان ده‌ركرد له‌ئێستاشدا به‌رده‌وامی هه‌یه".
كلتوری حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان كلتورێكی لاوازه و حوكمڕانی وه‌كو هه‌ر كارێكی دیكه پێویستی به پسپۆڕیی و كه‌سانی شاره‌زا هه‌یه
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا بۆچی كێشه له حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه له‌دوای 30 ساڵ، د. یوسف گۆڕان وتی، "ناتوانین بڵێین یه‌ك هۆكار هه‌یه، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین كلتوری حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان كلتورێكی لاوازه و حوكمڕانی وه‌كو هه‌ر كارێكی دیكه پێویستی به پسپۆڕیی و كه‌سانی شاره‌زا هه‌یه، بۆیه ده‌توانم بڵێم یه‌كێك كێشه‌كانی ئێمه كه كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه ئه‌وه‌یه كلتوری حوكمڕانی لاوازه، هه‌روه‌ها له كوردستاندا كێشه‌ی گه‌نده‌ڵیمان هه‌یه وه‌كو هه‌ر وڵاتێكی دیكه كه تازه به‌ره‌و دیموكراسی ده‌چێت، ئه‌وانه‌ی كه سه‌ركه‌وتوبون ئه‌وانه‌ن كه توانیویانه چاره‌سه‌ری بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئێمه كێشه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا هه‌یه، ئه‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌مانه كاریگه‌ری له‌سه‌ر حوكمڕانی له‌هه‌رێمی كوردستان كردوه و ئه‌مه وایكردوه نه‌یتوانین بودجه‌یه‌كی جێگیرمان هه‌بێت و له ساڵی 2013ه‌وه كوردستان بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی نیه كه ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ هه‌ر وڵاتێك كه بیه‌وێت حوكمڕانییه‌كی باش دروستبكات".
له‌دیداردا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه نادرێت کە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکرێتە سەرۆک یان نا
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا له دیداری یه‌كێتیدا سیستمی سه‌رۆكایه‌تی چی لێدێت؟ كاك بافڵ ده‌كرێته سه‌رۆكی یه‌كێتی؟ د. یوسف گۆڕان ده‌ڵێت، "له‌دیداردا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه نادرێت، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت زیاتر پێشنیاره، لیژنه‌كان پێشنیاره‌كان جیا ده‌كه‌نه‌وه و دواتر ده‌چێته به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و هه‌ر پێشنیارێكی له‌وێ بكرێت له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی په‌سه‌ندده‌كرێت، دیدار بۆی هه‌یه هه‌مو پێشنیار‌و پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌شی سه‌ركردایه‌تی بكات".