وه‌زاره‌تی كاره‌با بڕیارێك له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ به‌وزه‌ی خۆر كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن

05:11 - 25/05/2022

1509جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌و هاوبه‌شانه‌ی كه‌ له‌وزه‌ی خۆر كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن، ئه‌گه‌ر بڕی زیاده‌ی كاره‌باكه‌یان بخه‌نه‌سه‌ر تۆڕی نیشتمانیی كاره‌با، به‌قه‌باره‌ی وزه‌ زیاده‌كه‌، له‌ كرێی كاره‌باكه‌یان مانگانه‌ كه‌مده‌كرێته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ئه‌و هاوبه‌شانه‌ی كاره‌با كه‌ له‌ وزه‌ی خۆر كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن و ده‌یانه‌وێت به‌شی زیاده‌ی كاره‌باكه‌یان هه‌ژمار بكرێت و بڕی وزه‌ی هه‌ناردراو له‌گه‌ڵ بڕی وزه‌ی به‌كارهێنراو ئاڵوگۆڕ بكرێت، ده‌توانن بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كاره‌بای خۆیان به‌ تۆڕی نیشتمانیی كاره‌باوه‌، داواكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ فه‌رمانگه‌ی كاره‌با له‌ سنووری ناوچه‌ی خۆیان بكه‌ن".

به‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ لێیان وه‌رده‌گیرێت، له‌ كرێی كاره‌باكه‌یان به‌ شێوازی پاككردنه‌وه‌ كه‌مده‌كرێته‌وه‌

راشیگه‌یاندوه‌، "كاره‌بای ئه‌م هاوبه‌شانه‌ له‌ رێگه‌ی پێوه‌ری زیره‌كه‌وه‌ دێته‌ ناو تۆڕی نیشتمانییه‌وه‌ و به‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ لێیان وه‌رده‌گیرێت، له‌ كرێی كاره‌باكه‌یان به‌ شێوازی پاككردنه‌وه‌ كه‌مده‌كرێته‌وه‌".

ئه‌و كه‌سانه‌ی وزه‌ی خۆریان هه‌یه‌ و بۆ كاره‌بای ماڵه‌كانیان سود له‌و كاره‌بایه‌ وه‌رده‌گرن، ده‌توانن به‌شێك له‌كاره‌باكه‌یان ئه‌گه‌ر زیاده‌بو بیخه‌نه‌سه‌ر تۆڕه‌كانی كاره‌با

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ئومێد محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆنتڕۆڵی كاره‌بای هه‌رێم به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "ئه‌و كه‌سانه‌ی وزه‌ی خۆریان هه‌یه‌ و بۆ كاره‌بای ماڵه‌كانیان سود له‌و كاره‌بایه‌ وه‌رده‌گرن، ده‌توانن به‌شێك له‌كاره‌باكه‌یان ئه‌گه‌ر زیاده‌بو بیخه‌نه‌سه‌ر تۆڕه‌كانی كاره‌با و له‌به‌رامبه‌ریشدا هێنده‌ی ئه‌و كاره‌با نیشتمانیه‌ی وه‌ریده‌گرێت، پاره‌ی بۆ كه‌مده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "بۆ نمونه‌ كه‌سێك له‌مانگێكدا 7.000 كیلۆوات كاره‌بای نیشتمانی به‌كارهێناوه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ 2.000 (دو هه‌زار) كیلۆوات كاره‌بای له‌ وزه‌ی خۆر گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ بۆ تۆڕه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی، ئه‌وا مانگانه‌ بڕی 5.000 (پێنج هه‌زار) كیلۆ وات كاره‌بای لێ وه‌رده‌گیرێت".

نیشانەکردن

كاره‌با