هەواڵی ئەمڕۆ

خەندان ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەخاتەڕو

04:48 - 25/05/2022

2433جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ کۆبونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەنجامدرا و لایەنەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن، لەوانەش دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان، هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی یاسایی خۆیدا لە 1ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێک کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر بێت لەگەڵ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم.

رێککەوتین کە هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت
گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لایەنەکان رێککەوتن کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی یاسایی خۆیدا لە 1ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بە کۆدەنگی نیشتیمانی پەسەند بکرێن.
لایەنەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە 2ی مانگی داهاتوەوە کۆبونەوەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها لایەنەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە 2ی مانگی داهاتوەوە کۆبونەوەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە و کاری لەپێشینەش دەدرێت بەو یاداشتانەی فراکسیۆنەکان پێشکەشی پەرلەمانیان کردوە کە بریتین لە 34 یاداشت و سەرجەمیان پەیوەندییان هەیە بە کێشەکانی ژیانی خەڵکەوە و ئەوەش پێویستی بە ئامادەبونی وەزیرەکانە.
 هیچ لایەنێک ڤیتۆی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن نەبو
لەبارەی ماوەی بەردەم لایەنەکانیش بۆ رێککەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتی، لەکۆبونەوەکەدا سەرۆکایەتی پەرلەمان فراکسیۆنەکانیان راسپارد کە بگەڕێنەوە بۆ لایەنەکان و دوای رێککەوتنی سیاسی هەردو یاساکە پەسەند دەکرێن، "لەکۆبونەوەکەشدا هیچ لایەنێک ڤیتۆی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن نەبوە، بۆیە داوا کراوە لایەنەکانیش هاوکار بن چونکە ماوەی بەردەمیان کەمی ماوە، ئومێدیش هەیە کە بگەین بە رێککەوتن".