هەواڵی ئەمڕۆ

لە بەغدا دژی پێکنەهێنانی حکومەت خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت

04:18 - 25/05/2022

540جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێک لە هاوڵاتیان لە بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای پێکهێنانی حکومەت و هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتیان کرد، لە خۆپیشاندانەکەدا کە لەگۆڕەپانی تەحریر بەڕێوەچو دەیان کەس ئامادەبون و داوای لێپرسینەوە لە گەندەڵکارانیش دەکەن.

دەستەی خۆپیشاندانەکانی تشرین ئەمڕۆ چوارشەممە بەبەشداری دەیان کەس، لە بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت و چەکی نایاسایی لە دەستی گروپە چەکدارییەکاندا نەمێنێت.

داوا دەکەن لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت
ئاماژەیان بەوەشکردوە، داوا دەکەن لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت و ئەوانەش روبەروی دادگا بکرێنەوە کە تۆمەتبارن بە کوشتنی خۆپیشاندەرانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019.
شاندێکی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن
ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە هەفتەی داهاتو شاندێکی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ، سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەن.

15ی ئەم مانگەش پەرلەمانتارە سەربەخۆکان رایانگەیاند، داوا دەکەن گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان پێکبهێنرێت کە خاوەنی زۆرترین کورسیی بێت و رەزامەندی بدات لەسەر یەکێک لەو کاندیدانەی کە فراکسیۆنەکانیان دیاری دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، داواش دەکەن سەرۆک وەزیران کەسێکی خاوەن ئەزمونی سیاسی، سەربەخۆ و دەستپاک بێت.

نیشانەکردن

عێراق