خه‌ندان-
پارتى و یه‌كێتی راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه و رایانگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان كۆبونه‌ته‌وه و ڕاشكاوانه په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردولا و دۆخى ئێستاى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و زه‌مینه‌ى هاریكاریى هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌یى، تاوتوێ كرا‌و بڕیاریاندا كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆبونه‌وه هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردو مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى و یه‌كێتى وه‌ك پره‌نسیپى كارى پێكه‌وه‌یى به‌رده‌وام بن.
له راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتیدا هاتوه، ئه‌مڕۆ له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبونه‌ته‌وه و له كۆبونه‌وه‌كه‌دا ڕاشكاوانه په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا و دۆخى ئێستاى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و زه‌مینه‌ى هاریكاریى هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌یى، تاوتوێ كرا.
دواى ده‌ستپێشخه‌رى و سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بۆ گفتوگۆ و ئاساییكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان هەیە
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، هه‌ردولا جه‌ختیان كرده‌وه كه دواى ده‌ستپێشخه‌رى و سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ سلێمانى، زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بۆ گفتوگۆ و ئاساییكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردولا و كاركردن بۆ گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ى نێوان هه‌ردولا و هاریكاریى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان له ڕێگه‌ى لێكگه‌یشتن و گفتوگۆوه، هاتووه‌ته ئاراوه.
هه‌ردولا بڕیاریاندا كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆبونه‌وه هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردو مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى و یه‌كێتى به‌رده‌وام بن
له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، هه‌ردولا بڕیاریاندا كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆبونه‌وه هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردو مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى و یه‌كێتى وه‌ك پره‌نسیپى كارى پێكه‌وه‌یى به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى مه‌كته‌بى سیاسیى هه‌ردولا بێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیان له هاوكارى و پاڵپشتیى هه‌ردولا بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كورستان و داموده‌زگا شهرعییهكانى و به‌رده‌وامیى ڕاگرتنى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌یاندنى دژ به یه‌كتر كرده‌وه.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ كۆبونه‌وه‌ی شاندی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بونی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی كۆبونه‌وه و كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ریش كۆبونه‌وه‌كه كۆتاییهات.
به‌یانی ئه‌مڕۆ دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "دوا به‌دوای سه‌ردانه سه‌ركه‌وتوه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ڤه‌ری سلێمانی و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه به‌ڕێزه‌كان و به‌پیره‌وه هاتنی لایه‌نه‌كان بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسه نیشتمانییەکان، ئه‌مڕۆ شاندی پارتی و یه‌كێتی له باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان لای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه".