سەلاحەدین به‌هائه‌دین بۆ باڵیۆزی روسیا: سەدان کاتژمێر دانوستان باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ

02:55 - 25/05/2022

1068جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌ بارەگای باڵیۆزخانەی روسیا لە بەغدا لەگەڵ ئەلبەڕۆس کۆتراشیف  كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، نیگه‌رانه‌ له‌ شەڕی روسیا و ئۆکرانیا، کە شەڕێکی ترسناکە بۆ ئاسایشی هەمو جیهان و مرۆڤایەتی خستوه‌تە بەردەم مەترسی برسێتی و قەیرانی خۆراکەوە، ده‌شڵێت، "سەدان کاتژمێر دانوستان باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سەلاحەدین به‌هائه‌دین سه‌ردانی باڵیۆزخانه‌ی روسیای كرد و له‌گه‌ڵ ئەلبەڕۆس کۆتراشیف، باڵیۆزی روسیا كۆبوه‌وه‌ و نیگەرانی خۆی بەرامبەر شەڕی روسیا و ئۆکرانیا دەربڕی کە شەڕێکی ترسناکە بۆ ئاسایشی هەمو جیهان و مرۆڤایەتی خستوه‌تە بەردەم  مەترسی برسێتی و قەیرانی خۆراکەوە. 

سەدان کاتژمێر دانوستان باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سەدان کاتژمێر دانوستان باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ، رێکكەوتنی سیاسی باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی  کێشەکانی  نێوان روسیا و ئۆكرانیا.

دیدگای یەکگرتو بینایە لەسەر گفتوگۆی سیاسی و گەیشتن بە تەوافوقی نیشتیمانی

سەلاحەدین به‌هائه‌دین باسی له‌وه‌شكرد، "دیدگای یەکگرتو بینایە لەسەر گفتوگۆی سیاسی و گەیشتن بە تەوافوقی نیشتیمانی، تا لەمقۆناغە هەستیارەی دۆخی نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی  عێراق ئارام و سەقامگیر بێ و روسیا وەک دەوڵەتێکی گەورە دەتوانێ رۆڵی ئیجابی بگێڕێت".

خەڵکی کوردستان توشی قەیرانی ئابوری دەستکردی سیاسی کراون

سەبارەت بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حكومه‌تی عێراق، ئەمینداری گشتی یەکگرتو رایگەیاند، "خەڵکی کوردستان توشی قەیرانی ئابوری دەستکردی سیاسی کراون، ئەو قەیرانە دەستکردانە  ژیان و گوزەرانی  هاوڵاتیان بە گشتی و مووەخۆران بە تایبەتی قورس و سەخت کردوه‌". 

سەلاحەدین بەهائەدین داوایان کرد روسیا رۆڵی ئیجابی خۆی ببینێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت و غاز لەسەر بناغەی بنەما دەستورییەکان، بە جۆرێک خەڵکی کوردستان سودمەندی سەرەکی بن.

مۆسكۆ شەڕی ناوێ، بەڵام ئەو شەڕە بۆ دەوڵەتی روسیا بوه‌تە چارەنوس و ئایندەی مان و نەمان کە ناتوانین لێی بگەڕێینەوە

لایخۆیه‌وه‌ باڵیۆزی روسیا له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگەیاند، "مۆسكۆ شەڕی ناوێ، بەڵام ئەو شەڕە بۆ دەوڵەتی روسیا بوه‌تە چارەنوس و ئایندەی مان و نەمان کە ناتوانین لێی بگەڕێینەوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پێیانوابو ڕۆژئاوا خۆیان تێکەڵی شەڕەکە نابن، بەڵام هەمو توانای سەربازی و تەکنەلۆژی خۆیان ده‌خه‌نه‌ خزمەتی ئۆکرانیا تا تەمەنی شەڕەکە درێژ بکەنەوە، به‌ڵام مۆسكۆ نیگه‌رانه‌ لە دروستبونی قەیرانی خۆراک و راوەستانی زنجیرەکانی دابین کردنی گەنم، ئێمەش ئەوەمان ناوێ. 

 پێوستە بە تەوافوق ئەو بنبەستە سیاسیە بشکێنرێت و دەریچە بدۆزرێتەوە

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، لە بارەی قەیرانی سیاسی عێراق، سه‌لاحه‌دین به‌هائه‌دین و باڵیۆزی روسیا له‌ عێراق هاورا بون، کە پێوستە بە تەوافوق ئەو بنبەستە سیاسیە بشکێنرێت و دەریچە بدۆزرێتەوە. 

له‌باره‌ی قەیرانی نەوت و غازی نێوان بەغدا و و هەرێم، باڵوێزی روسیا رایگەیاند، "سامانی سروشتی عێراق و هەرێمی كوردستان موڵکی خۆیانە، ئەوان ئازادن لە چۆنێتی چارەسەرکردنی سیاسیانە و رێگرنابین لەهەر رێکەوتنێکی دەستوری نێوانیان، دەشتوانین هاوکار بین".

May be an image of 4 people, people sitting and people standing

May be an image of 5 people, people sitting, people standing and indoor