مەلا بەختیار: دەبێت سەرکردایەتی حزبە سیاسییەکان لەوە تێبگەن کاتی چارەسەری کێشەکانە

01:46 - 25/05/2022

934جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی رایدەگەیەنێت، دەبێت ئەم حزبە سیاسیانە تێبگەن بەسە ئەم ناکۆکییە لابەلایانە و کاتی چارەسەری کیشەکانە، دەشڵێت مەترسی لەسەر کوردستانە.

ئۆباڵی دروستبونی ئەم کێشانەی دروست بون، دەکەوێتە سەر حکومەتی عێراق

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند،" ئۆباڵی دروستبونی ئەم کێشانەی دروست بون، دەکەوێتە سەر حکومەتی عێراق ئەگەر حکومەتی هەرێم دەستوری جێبەجێ بکردایە، ئێستا کێشەی نێوان هەرێم وبەغداد روینەدەدا، بە نیسبەت حکومەتی کوردستانیش زوتر پێی لەسەر مافەکانی دابگرتایە بەرەو دەوڵەتەکانی دیکە و نەتەوە یەکگرتوەکان بچوایە و کێشەکانی تێبگەیاندنایە".

هەرچەندە هیچ شتێک لەسیاسەتدا دور نییە، بەڵام بە بڕوای من لەم یەک دو ساڵەدا حکومەتی عێراق هێز نانێرێتە سەر کوردستان

رونیشیکردەوە،" هەرچەندە هیچ شتێک لەسیاسەتدا دور نییە، بەڵام بە بڕوای من لەم یەک دو ساڵەدا حکومەتی عێراق هێز نانێرێتە سەر کوردستان، مەگەر بە دەستکیسەی دەوڵەتێکی هەرێمی، چونکە مەودای گفوگۆکان زۆری ماوە".

ئێستا عێراق بەدەست دەستنیشاننەکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران گیری خواردوە

ئاماژەی بەوەشکرد،" ئێستا عێراق بەدەست دەستنیشاننەکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران گیری خواردوە، نەک سەرۆک کۆمار ئەمەش پەیوەندی بە شیعەوە هەیە کە رێکناکەون، راستە کێشە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە لەسەر سەرۆک کۆمار، بەڵام کێشە گەورەکە شیعەکانن نەک ئەوان".

 دەبێت ئەم حیزبە سیاسیانەی کوردستان لەوە تێبگەن بەسە ئەم ناکۆکییە لابەلایانە

بە وتەی مەلابەختیار، دەبێت ئەم حزبە سیاسیانەی کوردستان لەوە تێبگەن بەسە ئەم ناکۆکییە لابەلایانە، کە هیچی پەیوەندی بە ویژدانی سیاسی کوردەوە نییە، ئێستا کاتی چارەسەری کێشەکانە، ئەوەشی دەڵێت مەترسی لەئارادا نییە بەرای من"گێلی سیاسییە".