چەمچەماڵ؛ بەهۆی خۆڵبارینەوە 40 کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە

09:23 - 23/05/2022

744جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت، بەهۆی کاریگەری خۆڵبارینەوە لە ئەمڕۆوە تائێستا 40 کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و سەرجەمیان چارەسەری پێویستان بۆ کراوە.

لەبەیانی ئەمڕۆوە تاکو ئێستا (40) کەس بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی و گرفتی هەناسەدانەوە سەردانی سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵیان کردوە

ئەمشەو، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ بڵاویکردوەتەوە،" بەهۆی کاریگەری خۆڵبارینەوە لە قەزای چەمچەماڵ لەبەیانی ئەمڕۆوە تاکو ئێستا (40) کەس بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی و گرفتی هەناسەدانەوە سەردانی سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵیان کردوە، سەرجەمیان دەستبەجێ چارەسەری پزیشکی پێویستیان وەرگرتوە گەڕاونەتەوە ماڵەوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتوە.

 پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆرتر لە نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن

رونیشیکردوەتەوە،" پێشبینی دەکرێت بەهۆی کاریگەری خۆڵبارینەکەوە ژمارەیەکی زۆرتر لە نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر".

 لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە 122 یان ژمارە 431

داوایشیکردوە،" لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە 122 یان ژمارە 431".

لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە

ئەمە لەکاتێکدایە، لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە و بەگوێرەی پیشبینیەکانیش کاریگەری ئەم خۆڵبارینە تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، کاریگەری لەسەر ناوچەکانمان دەمێنێتەوە.
هاوکات، هەر ئەمڕۆ بەهۆی کاریگەری ئەو خۆڵبارینەوە لە سنوری گەرمیان دەوامی فەرمانگە حکومیەکان راگیران و لە چەند جارێکیش بەهۆی کەمبونەوەی مەودای بینین گەشتە ئاسمانییەکان راگیران.