خەندان-
ئەمڕۆ چوارشەممە بەئامانجی باسکردن لە دوایین پێشکەوتنەکانی بواری راگەیاندن و سەرەکیترین ئەو گرفتانەی روبەڕوی خوێندکارانی بەشی میدیا دەبنەوە دوای دەرچونیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان، یەکەمین دیداری خوێندكارانی میدیا لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچو و بڕیارە سبەی پێنجشەممە دیدارەکە بەردەوام بێت.
باس لە هەمو ئەو کێشانەش دەکەن کە بەهۆی سیستمی بۆڵۆنیاوە روبەڕوی خوێندکاران دەبێتەوە
بژار عوسمان، پانێڵیست و خوێندکار لە بهشی راگهیاندنی زانکۆی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، دیداری خوێندکارانی بەشی راگەیاندن (میدیا) کە ئەمڕۆ و سبەی پێنجشەممە لە سلێمانی بەردەوامی دەبێت، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی خوێندکاران بتوانن زانیاری نوێ بەدەستبهێنن لەبارەی دوایین پێشکەوتنەکانی بواری راگەیاندن، هەروەها باس لە هەمو ئەو کێشانەش دەکەن کە بەهۆی سیستمی بۆڵۆنیاوە روبەڕوی خوێندکاران دەبێتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر خوێندکاران دروست کردوە.
سیستمی بۆڵۆنیا وەک خۆی جێبەجێناکرێت
ئاماژەی بەوەشكرد، یەکێک لەو گرفتانەی لە دیداری خوێندکارانی بەشی راگەیاندن (میدیا) باسکرا ئەوەبو لەکوردستان سیستمی بۆڵۆنیا وەک خۆی جێبەجێناکرێت و بۆ ئەوەش چەندین هۆکار هەیە، لەوانەش گرفتی هۆڵی خوێندن و ئامێرەکان کە بۆیان دابینکراوە، بۆیە ئومێدیان وایە لایەنی پەیوەندیدار بێت بەدەم چارەسەری کێشەکانیان و کار لەسەر راسپاردەی دیارەکە بکات.
دیداری خوێندكارانی میدیا زانكۆی پۆلیتهكنیكی سلێمانی و بههاوبهشی پهیمانگای تهكنیكی كوردستان سازیان كردوه، لەبەشێکی دیدارەکەدا باس لە ئاراستهكانی خوێندكارانی بهشهكانی میدیا لهههمبهر سیستم و بهشه وانهكانی خوێندن له زانكۆو پهیمانگا حكومی و ناحكومییهكاندا دەکەن.
تا دڵنیا ببنەوە کە پرۆسەی خوێندن سودی دەبێت بۆیان لە بازاری کاردا دەتوانن دەرفەتی کار بەدەستبهێنن
لەبارەی دەرفەتی کاریش بۆ خوێندکارانی بەشی میدیا بژار عوسمان وتی، داوا دەکات کار بۆ ئەوە بکرێت گرنگی و باوەڕێکی پتەو بۆ خوێندکاران دروست بکرێت بۆ ئەوەی هەست بەوە بکەن ئەو زانستەی کە ئەوان دەیخوێنن، نوێترین شێوازی کارکردنە لەناو دەزگاکانی راگەیاندن تا دڵنیا ببنەوە کە پرۆسەی خوێندن سودی دەبێت بۆیان لە بازاری کاردا دەتوانن دەرفەتی کار بەدەستبهێنن.