هەواڵی ئەمڕۆ

حەکیم داوایەک لەبارەی دەستوەردانی مەرجەعیەت لەپرۆسەی سیاسی رەتدەکاتەوە

11:25 - 18/05/2022

1785جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند، داواکاری بۆ ئەوەی مەرجەعیەتی ئاینی بخرێتەناو ململانێی سیاسیی و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر دۆخی ئێستا هەڵبگرێت رەتدەکاتەوە و باوەڕی وایە سیاسییەکان پێویستە ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرن.

مەرجەعیەت بەرامبەر خراپبونی دۆخی وڵات هیچ هەڵوێستێکی نەبوە
لە چەند رۆژی رابردودا مەحمود مەشهەدانی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکدا رەخنەی لەرۆڵی مەرجەعیەتی ئاینی نەجەف گرت و ئەوەی خستەڕو، مەرجەعیەت دەسەڵاتی نەماوە و بەرامبەر خراپبونی دۆخی وڵات هیچ هەڵوێستێکی نەبوە.
دەبێت سیاسییەکان چەقبەستویی سیاسیی تێپەڕێنن
لای خۆیەوە عەممار حەکیم لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەندێک کەسایەتی سیاسی دەیانەوێت مەرجەعیەتی ئاینی بخرێتەناو ململانێی سیاسییەوە و تۆمەتباری دەکەن بەوەی هەڵوێستی نەبوە، لەکاتێکدا دەبێت سیاسییەکان ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرن و لەرێگەی گفتوگۆوە کار بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بکەن و چەقبەستویی سیاسیی تێپەڕێنن.
مەرجەعیەتى باڵاى ئاینى شیعە لە رابردو و لەئێستاشدا هەڵوێستی هەبوە
باسی لەوەشکردوە، مەرجەعیەتى باڵاى ئاینیى شیعە لە رابردو و لەئێستاشدا هەڵوێستی هەبوە بەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندیى وڵات و جێبەجێکردنی خواستی هاوڵاتیان، مەرجەعیەت هیچ کاتێک لەو هەڵوێستانەی پاشگەز نەبوەتەوە.

نیشانەکردن

عێراق