ئەردۆگان بۆ سوید و فینلاند: داوکارییەکانمان جێبەجێنەکەن ناهێڵین بێنەناو ناتۆوە

10:20 - 18/05/2022

5699جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، رەزامەندی وڵاتەکەی بۆ بون بە ئەندامی سوید و فینلاند لە ناتۆ پەیوەستە بە بەوەی ئەو وڵاتانە تا چ ئاستێک رێز لە هەستیارییەکانی تورکیا دەگرن، بەتایبەت لە بابەتی رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە تورکیا، بەپێچەوانەوە ناهێڵن بێنەناو ناتۆوە.

دەبێت وڵاتان هەستیاری تورکیا لەبەرچاو بگرن لە چەند پرسێکی دیاریکراو

رەجەب تەیب ئەردۆگان کە هاوکات سەرۆکی گشتی ئاکەپەیە لە وتارێکدا بۆ فراکسیۆنی حزبەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی لەوەشکرد، هەرچەندە ئەنقەرە پشتیوانی لە فراوانکردنی ناتۆ دەکات، بەڵام ئەگەر وڵاتان هەستیاری تورکیا لەبەرچاو نەگرن لەچەند پرسێکی دیاریکراودا، وڵاتەکەی ئامادە نیە رێگایان پێبدات ببن بە بەشێک لە ناتۆ.

چۆن سوید دێت و داوای رەزامەندی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لەناتۆ

لەبارەی هەوڵی سویدیش بۆ رازیکردنی تورکیا و بۆ بەئەندامبونی لە ناتۆ، ئەردۆگان وتی، ئەنقەرە داوای کردوە سوید "تیرۆرستان"یان رادەست بکاتەوە و ئەو وڵاتەش داواکەی رەتکردوەتەوە، بۆیە ئێستا دەپرسێت چۆن سوید دێت و داوای رەزامەندی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لەناتۆ.

ئامادە نین بەبێ بەدواداچون بەڵێ بۆ هەمو داواکارییەک بکەین

سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەشی خستوەتەڕو، فراوانکردنی ناتۆ پەیوەستە بەوەی ئەو وڵاتانە تا چ ئاستێک رێز لە هەستیارییەکانی تورکیا دەگرێن، بەپێچەوانەوە ئەنقەرە ئامادە نیە بەبێ بەدواداچون بەڵێ بۆ هەمو داواکارییەک بکات.

تورکیا لە دژی بڕیاری بە ئەندامبونی ئەو دو وڵاتە وەستایەوە

رۆژی چوارشەممە سوید و فینلاند داواکارییان بۆ ئەندامبونیان لە ناتۆ بەرزکردەوە، داواکارییەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی رێکخراوەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، بەڵام تورکیا لە دژی بڕیاری بە ئەندامبونی ئەو دو وڵاتە وەستایەوە، ئەوەش وایکرد ناتۆ نەتوانێت دەست بە رێکارە پێویستەکان بکات.

نیشانەکردن

تورکیا ئەوروپا