هەپەگە کوژرانی 14 سەربازی تورکیا رادەگەیەنێت

09:59 - 18/05/2022

979جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، هێزەکانیان لەماوەی 24 کاتژمێری رابردودا لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین 14 سەربازی سوپای تورکیایان کوشتوە و هەشت سەربازی ئەو وڵاتەش برینداربون، هاوکات سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش خراونەتە خوارەوە.

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، دوێنێ 17ی ئایار هێزەکانیان لە ناوچەی ئاڤاشین لەرێگەی تەقاندنەوەوە هێرشیانکردوەتەسەر سوپای تورکیا و لەئەنجامدا سەربازێک کوژراوە و سێ سەربازی ئەو وڵاتەش برینداربون، بەو هۆیەش هێزەکانی تورکیا ناچار بون لە ناوچەکە بکشێنەوە و "دواتریش 15 شوێنی ناوچەکەیان بە چەکی کیمیایی بۆردومان کردوە."

لە ئەنجامدا 13 سەرباز کوژراون و پێنج سەربازی دیکەش برینداربون
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەروەها دوێنێ گەریلا لە ناوچەی زاپ سوپای تورکیای کردوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 13 سەرباز کوژراون و پێنج سەربازی دیکەش برینداربون.
29 جار ناوچەی چیاڕەشی لە زاپ بە چەکی کیمیایی بۆردومان کردوە
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێت، گەریلاکان لە سنوری ناوچەی زاپ سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیان خستوەتە خوارەوە و سوپای تورکیش 29 جار ناوچەی چیاڕەشی لە زاپ بە "چەکی کیمیایی" بۆردومان کردوە.

نیشانەکردن

تورکیا پەکەکە