کازمی: پەیوەندییە ستراتیژییەکانمان لەگەڵ ئێران برەو پێدەدەین

05:53 - 18/05/2022

583جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە محەمەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا کرد و رایگەیاند، بەغدا خواستی ئەوەی هەیە برەو بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تاران بدات و ئەو پەیوەندییانەش زیاتر فراوان بکرێن، بەتایبەت لەو بوارانەی کە سودییان بۆ هەردو گەل و ناوچەکەش هەیە.

جەختی کردوەتەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکان
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی پێشوازی لە محەمەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا کردوە  و جەختی کردوەتەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و تاران و فراوانکردنی زیاتری ئەو پەیوەندییانە لەسەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتیش ئەو بوارانەی سودییان بۆ هەردو گەل و ناوچەکە هەیە.
جەختیش دەکاتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی کاری دیپلۆماسی لەنێوان هەردو وڵاتدا
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکردوە، ئومێدی سەرکەوتن بۆ باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا دەخوازێت لە ئەرکەکەیدا و جەختیش دەکاتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی کاری دیپلۆماسی لەنێوان هەردو وڵاتدا بۆ دروستکردنی روانگەی هاوبەش لەسەر پرسەکان، بەجۆرێک خزمەتی هەردو وڵات و ناوچەکەش بکات.

لای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردوە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و گەشەپێدانی کاری هاوبەش لەسەرجەم بوارەکان.
ماوەی دو ساڵ وەكو جێگری یەكەمی ئیرەج مەسجدی لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد كاریکردوە
11ی مانگی رابردو سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، (محەمەد كازم ئال سادق) وەكو باڵیۆزی نوێی ئێران لە عێراق لە شوێنی (ئیرەج مەسجدی)ی دەستبەكار دەبێت، ناوبراو پێشتر ماوەی دو ساڵ وەكو جێگری یەكەمی ئیرەج مەسجدی لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد كاریکردوە.

نیشانەکردن

عێراق ئێران