خه‌ندان-
محه‌مه‌د زه‌كی چه‌له‌بی، خاوه‌نی رێستۆرانتی ده‌نیز و ئه‌ندامی رێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا كه خه‌ڵكی باكوری كوردستانه، شه‌وی رابردو ده‌ستڕێژی گولله‌ی لێكرا، دوای مانه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه كۆتایی به‌ژیانی هات.
دره‌نگانی شه‌وی رابردو له شه‌قامی به‌ختیاری شاری سلێمانی له‌سه‌ر ماتۆڕسكیلێكهوه ته‌قه له محه‌مه‌د زه‌كی چه‌له‌بی، خاوه‌نی رێستۆرانتی ده‌نیز كرا، به‌پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ خه‌ندان، "دو گولله به‌ر سنگ و سكی كه‌وتوه و به‌سه‌ختی برینداربوه و له نه‌خۆشخانه‌ی شاریش خرایه ژێر چاودێری چڕ و له حاڵه‌تی بێهۆشیدابو".
به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه كۆتایی به‌ژیانی هات
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ته‌ندروستی سلێمانی، به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، ئه‌و هاوڵاتیه‌ی كه شه‌وی رابردو به‌برینداری گه‌یه‌ندرایه نه‌خۆشخانه‌ی شار، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه كۆتایی به‌ژیانی هات.
محه‌مه‌د زه‌كی چه‌له‌بی ئه‌ندامی رێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیایه
پێشتر، سه‌رچاوه‌یه‌ك له رێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا به خه‌ندان-ی راگه‌یاندبو، "محه‌مه‌د زه‌كی چه‌له‌بی ئه‌ندامی رێكخراوهكهمانه و پێشتریش به‌شداری چه‌ندین چالاكی دژی توركیا كردوه، پێمانوایه ئه‌و هه‌وڵه تیرۆركردنه، هاوشێوه‌ی روداوه‌كانی دیكه‌ی پێش‌و كه چه‌ندین هاوڵاتی خه‌ڵكی باكوری كوردستان تیرۆر‌كراون".
روداوی ته‌قه‌كردن له محه‌مه‌د زه‌كی چه‌له‌بی هاوشێوه‌ی چه‌ند روداوێكی دیكه به پێشتر رویانداوه
روداوی ته‌قه‌كردن له محه‌مه‌د زه‌كی چه‌له‌بی له‌كاتێكدایه 17ی (ئه‌یلول/9)ی 2021 له گه‌ڕه‌كی چوارچرای شاری سلێمانی، ته‌قه له یاسین بولوت، ناسراو به شوكری سه‌رحه‌د، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ماڵباتی شه‌هیدانی په‌كه‌كه كرا‌و به چوار گولله كۆتایی به ژیانی هێنرا، رۆژێك پێشتریش ته‌قه له فه‌رهاد بارش، ئه‌ندامی هه‌ده‌په له باشوری كوردستان كرا‌و برینداركرا.
ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له به‌رامبه‌ر هێرش و داگیركارییه‌كان هه‌ڵوێست نیشان نه‌دات ئه‌وا پیلانه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا زیاتر ده‌بن
دوای ئه‌و روداوه‌ش نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌رامبه‌ر هێرش و داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌ڵوێست نیشان نه‌دات ئه‌وا پیلانه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا زیاتر ده‌بن و ڕۆژانه ژیانی هاوڵاتیان و خاكی كوردستان ده‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسی".
هێرشكردنه سه‌ر كوردانی باكور و ئه‌ندامانی هه‌ده‌په له باشوری كوردستان مه‌ترسیداره
راشیگه‌یاند، "هێرشكردنه سه‌ر كوردانی باكور و ئه‌ندامانی هه‌ده‌په له باشوری كوردستان و شه‌هیدكردنی شوكری سه‌رحه‌د روداوێكی مه‌ترسیداره و پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یی جێبه‌جێ بكات و رێگه له روداوی هاوشێوه بگرێت".