شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

05:32 - 18/05/2022

9567جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتو شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەروەها لەو ماوەیەدا پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و ئاستی بینینیش دادەبەزێت، هەروەها ئاڕاستەی با لە باکوری رۆژئاواوە دەستپێدەکات و خێراییەکەی 20-30 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.

 ئاستی بینین بۆ کەمتر لە 1000 مەتر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، رۆژی شەممە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق خۆڵبارین دەبێت و پێشبینی دەکرێت بگۆڕێت بۆ شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین، بەجۆرێک ئاستی بینین بۆ کەمتر لە 1000 مەتر دادەبەزێت.

رۆژی یەکشەممە شەپۆلی خۆڵبارینەکە زیاتر دەبێت

ئاماژەی بەوەشكردوە، هەروەها رۆژی یەکشەممە شەپۆلی خۆڵبارینەکە زیاتر دەبێت، بەجۆرێک لەکاتی خۆڵبارین ئاستی بینین 5-7 کیلۆمەتر دەبێت و لەکاتی شەپۆلی چڕی خۆڵبارینیش ئاستی بینین بۆ کەمتر لە 1000 مەتر دادەبەزێت.

کاریگەرییەکانی خۆڵبارین لەسەر تەندروستی:


دەبێتە هۆی هەستیاری حەساسییەت و  پێڵوی چاوەکان سوردەبنەوە و توشی خوران دەبێت

هەستیاری لوت و بەتایبەتتر ناوپۆشی لوت سور دەبێتەوە توشی هەوکردن دەبێتەوە، بەمەش گیرانی لوت دروست دەبێت و کەسەکە توشی تەنگەنەفەسی دەبێت.

فشاری خوێن و خوێنبەربون و هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست زۆر جار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و کاریگەری دروست دەکات لەسەر ئەو کەسە.

ئەو کەسانەی تەنگە نەفەسن و ڕەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە حاڵەت و نیشانەکانیان زیاد دەکات.

زۆر جار دەبێتەهۆی خورانی پێست و سوربونەوە و نەخۆشی ئێکزیما.

کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان دروست دەکات و بەمەش کەسەکە توشی کۆکە و پژمین و  ناڕەحەتی زۆر دەبێت، چونکە ئەو دەنکۆڵانە هەڵگری میکرۆب و بەکتریان.

رێگاکانی خۆپارێزی: 


1- داخستنی دەرگا و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.
2- لە کاتی چونە دەرەوە دەمامک ببەسترێ و ڕو پۆشی خۆت و شوێنی مانەوە بکەی بەبەردەوامی.

3- دەرگا و پەنجەرە دابخە  ئەگەر بۆ حاڵەتی  زۆر پێویست نەبێت مەچۆ دەرەوە.

4-زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بەتایبەت لەکاتی شۆفێری و چونە دەرەوە هەوڵبدرێت هەوای ناو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە.

5- خواردنی میوە و سەوزە بەبەردەوامی.

6- تێکەڵنەبونی هاوڵاتیان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە کە لە ئێستادا لەلایەن هاوڵاتیانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت ، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەروی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات.

7- لە کاتی بونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن