یەکەم حاڵەتی توشبون بە تای خوێنبەربون لە دهۆک تۆمارکرا

05:17 - 18/05/2022

1427جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی پارێزگای دهۆك رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ یه‌كه‌م حاڵه‌تی توشبون به‌ تای خوێنبه‌ربون له‌ پارێزگاكه‌ تۆماركراوه‌ كه‌ گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 34 ساڵه‌.

ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردو پشكنین بۆ هاوڵاتیه‌ك كرا به‌گومانی توشبون به‌ تای خوێنبه‌ربون، ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌ی ده‌رچو، ده‌ركه‌وت توشی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بوه‌ و له‌ئێستاشدا له‌ژێر چاودێری پزیشكدایه‌.

ئه‌و توشبوه‌ خه‌ڵكی قه‌زای شنگاله‌ ته‌مه‌نی 34 ساڵه‌، پیشه‌ی جوتیاره‌

وتیشی، "ئه‌و توشبوه‌ خه‌ڵكی قه‌زای شنگاله‌ ته‌مه‌نی 34 ساڵه‌، پیشه‌ی جوتیاره‌، هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئاژه‌ڵێكی سه‌ربڕیوه‌ دیاره‌ ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ توشی تای خوێنبه‌ربون بوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌".

توشبوه‌كه‌ له‌ئێستادا بارودۆخی ته‌ندروستی ناجێگیره‌ و باش نییه‌

ئاماژی به‌وه‌شكرد، توشبوه‌كه‌ له‌ئێستادا بارودۆخی ته‌ندروستی ناجێگیره‌ و باش نییه‌، ده‌رمانی تایبه‌تی پێده‌درێت وه‌ك هێوركه‌ره‌وه‌ و ده‌رمانی ڤایرۆسات، به‌ڵام هیچكام له‌ده‌رمانه‌كان به‌ڕێژه‌ی ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ناكه‌ن.

پەتای خوێنبەربون (حمی النزفی) نەخۆشیەکی نوێ نیە، نەخۆشیەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤه‌ و دەگوازرێتەوه‌

پێشتر وەزارەتی تەندروستی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندبو، پەتای خوێنبەربون (حمی النزفی) نەخۆشیەکی نوێ نیە، نەخۆشیەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤه‌ و دەگوازرێتەوە، بە یەکێک لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان دادەنرێت بەهۆی زۆری ڕێژەی پەککەوتن و مردن لەنێو توشبواندا. بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە تووشبوون و بڵاوبونەوە و تەشەنەکردن، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ڕێکاری دەست پێکردوە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان.

تای خوێنبەربون، کە بە تای "کۆنگۆ یاخود کرایمیا" ناسراوە نەخۆشیەکی مەترسیدارە و بە پێوەدان یاخود پەیوەندیکردن لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی وەک مەڕ و بزن و پەلەوەردا دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی بریتین لە تا، ئازاری ماسولکە، سەر ئێشە، رشانەوە، سکچون و خوێناوی بوونی پێست، نیشانەکان لە ماوەی دو ھەفتەدا دەردەکەون و ئەوانەی کە رزگاریان دەبێت دو ھەفتە پاش توش بون چاکدەبنەوە، رێژەی مردن لەم نەخۆشیەدا لە نێوان 40% بۆ 80%یه‌، ئەوەش لە کاتێکدا رێژەی مردن بە کۆرۆنا 1% کەمترە. 

نیشانەکردن

دهۆك