شاسوار عەبدولواحید: دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت

05:08 - 18/05/2022

1190جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چیتر پرسێکی ناوخۆیی نەماوە و لەئێستادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش باس لەو بابەتە دەکات، بۆیە بەپێویستی دەزانێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت.

هەڵبژاردنی هه رێمی كوردستان چیتر پرسێكی ناوخۆیی نییه

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و باسی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردوە، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، هەڵبژاردنی هه رێمی كوردستان چیتر پرسێكی ناوخۆیی نییه، لەئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش بە دەنگی بەرز باس لە گرنگی بەڕێوەچونی دەکات.

چیتر هەرێم ناتوانێت لەم دۆخەی ئێستادا بەردەوام بێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، چونکە "چیتر هەرێم ناتوانێت لەم دۆخەی ئێستادا بەردەوام بێت".

دەبێت ژینگەیەکی تایبەت بە هەڵبژاردن بڕەخسێت

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، لە نیویۆرک بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە 1ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچن و"زۆر گرنگە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان بۆ هەمو هێزە سیاسییەکان کراوە بێت، گرنگ نییە گەورەن یان بچوک، بەڵکو گرنگ ئەوەیە دەفەتی یەکسان بۆ هەمویان بڕەخسێت، واتە دەبێت ژینگەیەکی تایبەت بە هەڵبژاردن بڕەخسێت."

نیشانەکردن

نەوەی نوێ