دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

10:16 - 16/05/2022

1347جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ دوشەممە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی دانانی بەرنامەی کار و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادییش رایدەگەیەنێت، بەبێ رێککەوتنی حزبەکان پەرلەمان ناتوانێت یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پەسەند بکات.

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە 
محێدین حەسەن یوسف، سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیارە رۆژانی داهاتوش لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆببنەوە، ئامانجی کۆبونەوەکەش بەمەبەستی دانانی بەرنامەی کار و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانە کە ماوەی زیاتر لە دو مانگە راگیراون.
زیاتر لە 30 یاداشتمان لەسەر کێشەکانی خەڵک پێشکەشی پەرلەمان کردوە
ئاماژەی بەوەشکرد، فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران زیاتر لە 30 یاداشتیان ئاڕاستەی پەرلەمان کردوە کە سەرجەمیان تایبەت بون بە دانیشتنی پەرلەمان لەسەر کێشەکانی خەڵک، بۆیە ئومێدیان وایە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان بدات.
بۆ پرسی هەڵبژاردن پەرلەمان چاوەڕێی رێککەوتنی سیاسی دەکات
پەیوەست بە پرسی یاسای هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیش سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی وتی، پەرلەمانی کوردستان پێکهاتوە لە فراکسیۆنەکان کە نوێنەرایەتی سیاسەتی حزبەکانیان دەکەن، بۆیە بەبێ رێککەوتنی حزبەکان پەرلەمان ناتوانێت یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پەسەند بکات و بۆ ئەو بابەتە پەرلەمان چاوەڕێی رێککەوتنی سیاسی دەکات.