پەروەردەی عێراق پشوی فەرمی لەسەرجەم خوێندنگاکان راگەیاند

09:02 - 16/05/2022

2741جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی ماوەی چەند کاتژمێرێکە زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتی گرتوەتەوە، بڕیاردراوە ئەمڕۆ لەسەرجەم خوێندنگاکان پشوی فەرمی بێت، وەزارەتی تەندروستیش سەرجەم فەرمانگەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆی خوێندکاران لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن دوادەخرێن
وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی وڵاتی گرتوەتەوە و بە رەچاوکردنی دۆخی تەندروستی مامۆستا و خوێندکاران، بڕیاردرا تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆی خوێندکاران لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن دوابخرێن.
خشتەی تاقیکردنەوەی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن رێکدەخرێنەوە
باسی لەوەشكردوە، خشتەی تاقیکردنەوەی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لەژێر رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رێکدەخرێنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و خوێندنگاکان.

ئەمڕۆش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی ماوەی چەند کاتژمێرێکە بەغدا و زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی عێراقی گرتوەتەوە، بڕیاردراوە گەشتە ئاسمانییەکان بەشێوەیەکی کاتی رابگیرێن.
شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین  زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە 
ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی رابردو دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لەسبەینێوە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین  زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە و لە هەرێمیش تۆزو خۆڵێکی سوک بەرزدەبێتەوە.

نیشانەکردن

عێراق پەروەردە