شاخەوان عەبدوڵا: سیاسەتی نەوتی عێراق سەقامگیری نێوان هەولێر و بەغدا تێکدەدات

11:30 - 15/05/2022

2270جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەبارەت بەبونی جوڵەی سەربازی بۆسەر دو کێڵگەی نەوت لە کەرکوک، پەیوەندی بە هەردو لایەن لە هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و هێزی پیشمەرگە کردوە و دەرکەوتوە کە هیچ جوڵەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا روینەداوە، بەڵام "وەزیری نەوتی عێراق فشار دەخاتە سەر کۆمپانیای نەوتی باکور تا بانگەشەی ناراست بڵاو بکاتەوە، ئەو سیاسەتەش سەقامگیری نێوان هەولێر و بەغدا تێکدەدات".

وەزیری نەوتی عێراق هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی دروستکردنی کێشە
شاخەوان عەبدوڵا لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، وەزیری نەوتی عێراق هەستاوە بە دروستکردنی کێشە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و دروستکردنی تۆمەتی ناڕەوا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای باکورەوە تۆمەتباری دەکات، کە گوایە هێزی پێشمەرگە پێشێلکاری ئەنجامداوە لە کێڵگەکانی (بای حەسەن و داود).
دەرکەوت کە هیچ جوڵەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا روینەداوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەمو ئەو بانگەشانە ناڕاستن و حکومەتی هەرێم بە فەرمی سەرلەبەری رەت کردوەتەوە، پەیوەندیشم بە هەردو لایەن لە هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و هێزی پیشمەرگە کردوە، دەرکەوت کە هیچ جوڵەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا روینەداوە."
ئامانج لەم بانگەشانە سیاسییەو بۆ مانەوەیە لە پۆستەکەی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "چاودێری دۆخەکەمان کرد و بۆمان دەرکەوت کە بە داخەوە وەزیری نەوت فشاردەکاتە سەر کۆمپانیای نەوتی باکور تا ئەو بانگەشانە بڵاو بکاتەوە، ئامانج لەم بانگەشانە سیاسییەو بۆ مانەوەیە لە پۆستەکان و تێکەڵکردنی کاغەزەکانە بۆ دروستکردنی پشێوی لە نێوان هەرێم و عێراق".