خه‌ندان-
باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكا له عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان، رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێران به پاڵپشتیكردنی گروپه چه‌كداره‌كان له عێراق و هێرشكردنه سه‌ر دامه‌زراوه‌كانیان لە عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و بەغدای به‌ره‌و ئاڵۆزی بردوە، به‌ڵام به گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ رێكکه‌وتنی نێوان ئەمریکا و عێراق له ساڵی 2008 گرژییه‌كانیان ئاوه‌ژوکردوەتەوە، ده‌شڵێت، "ئه‌وه‌ی ئێستا به‌دیده‌كرێت قه‌یرانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و هه‌ندێك له سه‌رچاوه سروشتییه‌كانه، كه له 10 بۆ 20 ساڵی داهاتودا قه‌یرانی جددی دروست ده‌كه‌ن".
پشتیوانی ئێران لە گروپە چەکدارییەکانی عێراق، ئاستەنگی بەردەم کارکردنمان بو
ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له به‌غدا ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی دیدارێکدا له‌گه‌ڵ به‌شێك له میدیاكانی هه‌رێمی كوردستان، کە سامان رەئوف، بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی خه‌ندان ئامادەی بو، رایگه‌یاند، له سه‌ره‌تایی ده‌ستبه‌كاربونییه‌وه وه‌ك باڵیۆزی ئه‌مریكا بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ روبه‌ڕوی چه‌ندین ئاسته‌نگ بوه‌ته‌وه، بەوتەی خۆی "یه‌كێك له هه‌ره گرنگترینیشیان به‌ره‌وپێشچونی کۆماری ئیسلامی ئێرانه بوه له‌ڕوی چالاكی و پشتگیریكردنی ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی كه لە عێراقن و له‌لایه‌نی ئه‌و وڵاته‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن".
باڵیۆز و كونسوڵخانه و ناوه‌نده‌كانمان کراونەتە ئامانج
وتیشی، "ئەو گروپە چه‌كدارانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵشتی ده‌كرێن و تەنانەت خودی ئێرانیش كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنیان بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و عێراق دروستكردوه، به‌شێك له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان و باڵیۆز و كونسوڵخانه و ناوه‌نده‌كانمان کراونەتە ئامانج".
بۆ كۆتاییهێنان به ئاسته‌نگییه‌كان، گه‌ڕاینه‌وه بۆ رێککەوتنەکەی ساڵی 2008
باڵیۆزی ئه‌مریكا لە عێراق باسی لەوەشکرد، "به‌هۆی هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی ئێران بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌كانی وڵاته‌كه‌مان، په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و عێراق روبه‌ڕوی ئاسته‌نگی زۆر بونه‌تەوه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر گه‌ڕاینه‌وه بۆ ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ی كه له ساڵی 2008دا له نێوان ئه‌مریكا و عێراق واژۆكرا، ئه‌وه‌ش له پێناو دوباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆكان و دوباره رێككردنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كان، هه‌روه‌ها كۆتاییهێنان به ئاسته‌نگییه‌كان".
پێكه‌وه ده‌مانه‌وێت رێگری له سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دیكه بكه‌ین
ئەوەشی خستەڕو، "له پێناو دوباره دروستكردنه‌وه‌ی پردی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مریكا بیرمان له كردنه‌وه‌ی خول و ئاشنایه‌تی نێوان گه‌لانی عێراق و ئه‌مریكا كردوەتەوە، ئه‌وه‌ش بوه هۆیه‌ك تاوەکو بتوانین جارێكی دیكه هاوكاری پێشكه‌ش به یه‌كتر بكه‌ین له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی، پەروەردەیی و ئابوری، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌م ناوچەیە به‌دیده‌كرێت قه‌یرانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و هه‌ندێك له سه‌رچاوه سروشتییه‌كانه، كه له 10 ساڵی داهاتودا قه‌یرانی جددی دروست ده‌كه‌ن، بۆیه پێكه‌وه ده‌مانه‌وێت رێگری له سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دیكه بكه‌ین".
هیوادارم هەڵبژاردنەکان ببێته هه‌وێنی یارمه‌تیدانی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه
باڵیۆزی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق وتی، "ئه‌مریكا هیچ لایەنگریەک و پێگه‌یه‌كی له دیاریکردنه براوه یاخود دۆڕانی هیچ لایه‌نێكی سیاسی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا نییه، ئه‌وه‌ی گرنگه رێزگرتنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه، كه ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی بێگه‌ردانه به‌ڕێوه‌بچن، بۆ هه‌رێمی كوردستانیش، هیوادارین به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌بچێت و ببێته هه‌وێنی یارمه‌تیدانی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمە".