جەعفەر شێخ مستەفا: دەبێت کاربکەین بۆ باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایان

07:12 - 15/05/2022

3211جار خوێندراوەتەوە


خەندان-
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مامۆستایان هەمیشە کۆڵەگە و بناغەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردەواری بون و لەکاتە سەختەکانیشدا بەردەوام بون لە خزمەتکردنی کەرتی پەروەردە، بۆیە پێویستە بە بایەخەوە لە ئەرک و ماندوبونیان بڕوانین و کاری زیاتر بکرێت بۆ خزمەتکردنیان لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی دارایی و گوزەرانیان.

 پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا باسی لەوەشكردوە، "لە شەستەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستاندا، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرۆک و سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم".
بەشدارێکی کارا بون لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەماندا
ئاماژەی بەوەشکردوە، "مێژوی پڕ سەروەری و قوربانیدانی مامۆستایان لە خەباتی شۆڕشگێڕیی شاخ و شاردا، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن کە بەشدارێکی کارا بون لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەماندا، هەروەها یەکێتيی مامۆستایان لە کاری پیشەییانەی خۆیاندا پێشەنگ بون بۆ ماف و خواستەکانی مامۆستایان و بەرەوپێشچونی پرۆسەی خوێندن لەپێناو بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر و بەئاگا لە ئاست داخوازییەکان".
کاری زیاتر بکرێت بۆ خزمەتکردنیان لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی دارایی و گوزەرانیان
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "مامۆستایان هەمیشە کۆڵەگە و بناغەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردەواری بون، سەرەڕای هەمو ئەو بارودۆخە ناهەموارانەی کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەسەر هەرێمی کوردستان دا هاتوە، بەردەوام بون لە خزمەتکردنیان لەپێناو پەکنەكەوتنی پرۆسەی خوێندن و برەودان بە زانست و زانیاری، بۆیە پێویستە بە بایەخەوە لە ئەرک و ماندوبونیان بڕوانین و کاری زیاتر بکرێت بۆ خزمەتکردنیان لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی دارایی و گوزەرانیان."

نیشانەکردن

سەرۆکایەتی هەرێم