پەرلەمانتارێکی کوردستان: 15 ساڵە حکومەت 20 هەزار پارچە زەوی دابەشکردوە رێگەی بە دروستکردنی خانو نەداوە لەسەری

06:46 - 15/05/2022

767جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 15ساڵە حکومەت 20هەزار یەکەی نیشتەجێبونی لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆکی هەولێر دابەشکردوە و هیچ شتێکی بۆ نەکردون، دەشڵێت، بەردەوامی‌ ئەم دۆخە، ژیانی‌ ژمارەیەکی‌ زۆر هاوڵاتی‌ هەراسان کردوە.

پاش ساڵێک لەو بەڵێنە تا ئێستا نە ڕێگە دراوە بە هاوڵاتیانی‌ خاوەن موڵک بە دروستکردنی‌ خانو

ئەمڕۆ یەکشەممە، عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە،" ساڵێک لەمەوپێش، سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و وەزارەتەکانی‌ تری‌ ڕاسپارد بەزویی‌ کێشەی‌ زەوییەکانی‌ (8)ی‌ حەسارۆک لە شاری‌ هەولێر چارەسەر بکەن‌ بە کارکردن بۆ ڕێگەپێدان بە هاوڵاتیان بە دروستکردنی‌ بینا، هەروەها گەیاندنی‌ خزمەتگوزاریی‌، بەڵام پاش ساڵێک لەو بەڵێنە تا ئێستا نە ڕێگە دراوە بە هاوڵاتیانی‌ خاوەن موڵک بە دروستکردنی‌ خانو، نە خزمەتگوزارییش گەیەنراوە بە زەوییەکان".

بیست هەزار هاوڵاتی‌ کە زیاتر لە پانزە ساڵە زەویان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەت هیچی‌ بۆ نەکردون

رونیشیکردوەتەوە،" بە نوسراوی‌ ژمارە(218)، لە (15-5-2022) داوامانکرد وەزارەتی‌ شارەوانی‌ ڕونکردنەوە بدات لەسەر ئەو ئەرکانەی‌ لەسەر شانیانە، چیان کردوە بۆ ئەو خاوەنە زەویانە؟ بۆچی‌ تا ئێستا هیچ یەکێک لە ئەرکەکانیان بە ئەنجام نەگەیشتوە؟ هۆکار چیەو ڕێگرییەکان کامانەن کە نزیکەی‌ (20000) بیست هەزار هاوڵاتی‌ کە زیاتر لە پانزە ساڵە زەویان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەت هیچی‌ بۆ نەکردون، لە کاتێکدا زەوییەکان دەکەونە ناو شاری‌ هەولێرو لە دەوروبەری‌ ئەو زەویانە ژمارەیەکی‌ زۆر یەکەی‌ نیشتەجێبون کە زۆرینەیان گرانبەهان دروست کراون".

بەردەوامی‌ ئەم دۆخە، ژیانی‌ ژمارەیەکی‌ زۆر هاوڵاتی‌ هەراسان کردوە

جەختی لەوەشکردوەتەوە،" بەردەوامی‌ ئەم دۆخە، ژیانی‌ ژمارەیەکی‌ زۆر هاوڵاتی‌ هەراسان کردوە، بەتایبەت ئەو خێزانە هەژارانەی‌ کە خاوەنی‌ هیچ شتێکی‌ تر نین بێجگە لەو پارچە زەوییە بۆ ئەوەی‌ بیکەنە خانو".