حکومەتی هەرێم لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک هاتەدەنگ

11:04 - 14/05/2022

15658جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

 حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەمو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوکدا گرتوە، جەختیشدەکاتەوە، بە پێی دەستوری عێراق، سامانی گشتی هی هەمو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نییە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە 

ئەمشەو، شەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە،" حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوکدا گرتوە و داگیریکردون.

 ئاشکرایە بەپێی دەستوری عێراق، سامانی گشتی هی هەمو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نییە

رونیشیکردوەتەوە،" ئاشکرایە بەپێی دەستوری عێراق، سامانی گشتی هی هەمو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نییە، کۆمپانیای نەوتی باکور چەندین ساڵە بەبێ هەبونی یاسای نەوت و غاز، کار دەکات و دەستور پێشێل دەکات. ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکور، لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستور تەشریع بکرێت".

ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێکردوە هۆکارەکەی سیاسییە

جەختیلەوەشکردوەتەوە،" ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێکردوە هۆکارەکەی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەکەنەوە، دورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە".
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ، كوتله‌ی توركمانی له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ هێزێكی چه‌كداری سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان كۆنتڕۆڵی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی بای حه‌سه‌ن و داودی سه‌ر به‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكوری كردوه‌.

به‌ په‌له‌ ده‌ستێوه‌ردان بكات بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ هێزی چه‌ك كۆنتڕۆڵكراون

كوتله‌ی توركمانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا داوای له‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كردوه‌، به‌ په‌له‌ ده‌ستێوه‌ردان بكات بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ هێزی چه‌ك كۆنتڕۆڵكراون و یاسا به‌سه‌ر ته‌واوی سنوره‌ ئیدارییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوكدا بسه‌پێنێت.

پێشتریش كۆمپانیای نه‌وتی باكور، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی تۆمه‌تباركرد كه‌ به‌ زه‌بری چه‌ك ده‌ستی به‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانیان گرتوه‌" و راشیگه‌یاند، "ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ ده‌ستور و یاساكانی عێراق ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدایان له‌سه‌ر بونیاتنراوه‌".