هەواڵی ئەمڕۆ

نوێترین لێدوان لە تەندروستی سلێمانییەوە لەبارەی تای خوێنبەربون

09:11 - 14/05/2022

1232جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربون لە سلێمانی تۆمارنەکراوە، دەشڵێت زوە بۆ قسەکردن لەسەر کەرەنتین کردن.

هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبون بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربون لە سلێمانی تۆمارنەکراوە

ئەمشەو شەممە، د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند،"هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبون بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربون لە سلێمانی تۆمارنەکراوە، هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو هەبێت، نمونەی پشکنین دەنێرین بۆ بەغدا و دوای دڵنیابونەوە لە ئەنجامەکەی بڵاویدەکەینەوە".

تیمەکانمان ئامادەن راهێنان دەکەن و شارەزایی پێشینەشیان هەیە

وتیشی،"  تیمەکانمان ئامادەن راهێنان دەکەن و شارەزایی پێشینەشیان هەیە، شوێنی تایبەتمان هەیە، گەر هەر حاڵەتێک هەبێت، رێکاری خۆمان دەگرینە بەر".

 بۆ ئێستاش پێم وابێت زوە بۆ ئەوەی باسی کەرەنتینەکردن بکەین

جەختیلەوەشکردەوە،" ئێمە بەگوێرەی رێنماییەکانی حکومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی هەرێم کاردەکەین، بۆ ئێستاش پێم وابێت زوە بۆ ئەوەی باسی کەرەنتینەکردن بکەین".

تائێستا یەک حاڵەت لە هەرێم و لە شاری هەولێر تۆمارکراوە

لای خۆشییەوە، رەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی جەختیکردەوە،"تائێستا یەک حاڵەت لە هەرێم و لە شاری هەولێر تۆمارکراوە، دەتوانین بڵێین دۆخەکە لەدەست دەرنەچوە، بەڵام پێویستە هاوڵاتیان پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن".

ڤایرۆسەکە مەترسیدارە ئەگەری مردنی کەسی توشبو زۆرە بەتایبەت کە کەسەکە توشی خوێنبەربون دەکات

ئاشکراشیکرد،"ڤایرۆسەکە مەترسیدارە ئەگەری مردنی کەسی توشبو زۆرە بەتایبەت کە کەسەکە توشی خوێنبەربون دەکات، هەر بۆیە هێندە جەخت لە خۆپارێزییەکان و پابەندبون بە رێنماییە تەندروستییەکان دەکەینەوە.

ئەم لەکاتێکدایە لەسەرەتای مانگی رابردوەوە چەندین حاڵەتی توشبون بە پەتای تای خوێنبەربون لە عێراق تۆمارکراوە، کە زۆرینەیان لەپارێزگای زیقارن، هەفتەی رابردوش حاڵەتێک لە پارێزگای هەولێر و دو حاڵەتیش لە پارێزگای کەرکوک تۆمارکراون.