خەندان زانیاری لەبارەی حەجی بازرگانی بڵاودەکاتەوە

08:22 - 14/05/2022

2532جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە لە هەرێمی کوردستان بانگەوازی ناونوسین بۆ ئەنجامدانی" حەجی بازرگانی"بڵاودەکەنەوە، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت رێککاری یاسایی لە دژی ئەو کەسانە دەگرینە بەر.

هیچ حەجێکی بازرگانی بونی نییە

ئەمڕۆ شەممە، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە خەندانی راگەیاند،"هیچ حەجێکی بازرگانی بونی نییە، هەر حەجێک هەبێت لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقافدا دەبێت".

 ئەو جۆرە حەجانە بەدەر لەوەی لەلایەن وەزارەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت

رونیشیکردەوە،" ئەو جۆرە حەجانە بەدەر لەوەی لەلایەن وەزارەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەهەر ناوێکەوە بێت جێگەی قبوڵ نییە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین خۆیان لەو کارە  بپارێزن".

 پشتیوانی هیچ کەسێک ناکەین ئەو کارە بکات

جەختیشیکردەوە،" پشتیوانی هیچ کەسێک ناکەین ئەو کارە بکات، بۆ ئەمساڵیش حەجی بازرگانی بە هیچ جۆرێک ژمارەی بۆ جیانەکراوەتەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە، بانگەوازی بونی حەجی بازرگانیان بڵاوکردوەتەوە باسیان لەوەکردوە کە ژمارەکە دیاریکراوە.

 ئامادە نەبو هیچ وردەکارییەک ئاشکرابکات

خەندان بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەبارەی چۆنێتی ئەنجامدانی ئەو حەجی بازرگانییەی ریکلامی بۆ دەکەن پەیوەندی بە یەکێک لە کۆمپانیاکانەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبو هیچ وردەکارییەک ئاشکرابکات.