کۆمەڵەی G7: کاردەکەین بۆ گرەنتیکردنی رێگیرکردن لە ئێران لە بونە خاوەنی چەکی ئەتۆم

05:10 - 14/05/2022

699جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
کۆمەڵەی وڵاتانی(G7) لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، کاردەکەن بۆ رێگریکردن لەوەی ئێران بتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، داواش دەکات وڵاتەکە چالاکییە ئەتۆمیەکانی خاوبکاتەوە.

 

ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندیەکانمان بۆ دڵنیابونەوەی کە هەرگیز ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم

ئەمڕۆ شەممە، کۆمەڵەی دەوڵەتانی (G7) لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە،" ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندیەکانمان بۆ دڵنیابونەوەی کە هەرگیز ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم، جەخت لە ئامادەیی و هاوکارییەکانمان بۆ داڕشتنەوەی پلانێکی کاری هاوبەش و جێبەجێکردنی دەکەینەوە، لەئێستادا چارەسەری دیپلۆماسی بە باشترین رێگەی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەزانین".

داوا لە ئێران دەکەین واز لە چالاکییە ئەتۆمییە زیادەکانی بهێنێت

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە،"داوا لە ئێران دەکەین واز لە چالاکییە ئەتۆمییە زیادەکانی بهێنێت، لە ماوەی 18 مانگی رابرودا پەرەیپێداوە و دڵەڕاوکێیەکی قوڵی دروستکردوە".

 ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکات

جەختیلەوەشکردوەتەوە،" چالاکییە موشەکییەکانی ئێران و پێشکەشکردنی تەنکەلۆجیای گونجاو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە دەوڵەتانی دیکە  وبەڕێکخراوە ناحکومیەکان، ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکات".

جەختیان لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم کردەوە

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، وەزیرانی دەرەوەی دەوڵەتانی (G7 ) کە پێکهاتون لە ( بریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، فرەنسا  و ژاپۆن) کۆبونەوە و جەختیان لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم کردەوە لەپێناو دروستکردنی جیهانێک کە ئاسایش تێیدا بەرقەرار بێت.