هۆشیار عەبدوڵا: ئامادەنەكردنی یاسای موازەنە لە هه‌رێم بۆ ئەوەیە كە چەندیان ویست بۆ خۆیانی ببەن

02:13 - 14/05/2022

1118جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند ئەم کابینەیە بۆ یاسای موازەنە چەند جارێک راستی نه‌كردوه‌، چەندین جار وتویەتی  یاسای موازەنە لە تەواوبوندایە، کەچی وا تەمەنی حکومەتەکە بەرەو تەواوبون دەڕوا، بۆ یەک ساڵیش یاسای موازەنەی پێدا نەنرا.

هۆشیار عەبدوڵا لە وتارێكیدا بە ناونیشانی "درۆیەكی تری كابینەی نۆ رەخنەی توند ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە" و رایگەیاندوە، "شكستێكی هەرە گەورەی ئەم حكومەتەی مەسرور بارزانی نەبونی یاسای موازەنەیە وەك ئاماژەیەك بۆ یاسای بودجە، لە كاتێكدا داهاتی نەوت و ناوخۆیان لەبەردەستە، 200 ملیار دیناری مانگانەی عیراقیان هەیە، بەگشتی سەروی ملیارێك دۆلار داهاتی مانگانەیانە، كەچی ئەم كابیەنەی نۆیە تاكە یەكجار نەیتوانی یاسای موازەنەی ساڵانە ئامادە بكات".

ئامادەنەكردنی یاسای موازەنە لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەوەیە كە چەندیان ویست بۆ خۆیانی ببە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئامادەنەكردنی یاسای موازەنە لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەوەیە كە "چەندیان ویست بۆ خۆیانی ببەن، بۆ ئەوەی زو زو بڵێن لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی ئەوەندە پارەیە بۆ فڵان جێگا و فڵان بوار سەرف كرا، وەك ئەوەی ئەو پارانەی بە كرێكاری پەیدا كردبێت و داهاتی خەڵكی كوردستان نەبێ؟".
کە باسی داهاتی هەرێم، هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک دەکرێ دەبێت باسی یاسای موازەنە بکرێ
له‌باره‌ی داهاتی هه‌رێمی كورستان، هۆشیار عه‌بدوڵا نوسیویه‌تی، "کە باسی داهاتی هەرێم، هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک دەکرێ دەبێت باسی یاسای موازەنە بکرێ، نەک سەرۆکی حزب و پارێزگار، داهات دەبێ بە یاسا کۆ بکرێتەوە و خەرجیش هەر بە یاسا دابەش بکرێ".
ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پەکیکەوتوە و پیش کۆتایی هاتنی وادەکەی بەچەند مانگێک لەسەر جێگا مردوە
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پەکیکەوتوە و پیش کۆتایی هاتنی وادەکەی بەچەند مانگێک لەسەر جێگا مردوە، زۆرینەی پەرلەمانتارانیش باسی هەمو شتێک دەکەن یاسای بودجە نەبێ".

هۆشیار عه‌بدوڵا ده‌ڵێت، "پرسیارێکی سادە لە خەڵک نا، لە پەرلەمانتاری کوردستانیش نا، لە وەزیرەکانیش هەموی نا، هەر لە وەزارەتی دارایی و وەزیرەکەی گۆڕانی بکەن، بزانن دەزانێ پارەی بەردەستی سەرۆکی حکومەت چەندە و چۆنە؟ و بە چ پێوەرێک دابەش و تەخشان و پەخشانی دەکا؟!".